زیلینسکی: شەڕی کۆڵان بە کۆڵان روودەدات

سەرۆکی ئۆکرانیا داوا لە ئەمەریکا دەکات، بە کردەوە پشتیوانییان بکەن لە شەڕی دژی رووسیادا نەک تەنیا بە قسە. ئاماژە  بەوەش دەکات، “ئەگەر رووسەکان بێنە شارەکانمان، یاخیبوون و شەڕی کۆڵان بە کۆڵان روودەدات، گەر رووسیا، ئۆکرانیا کۆنترۆڵ بکات، درێژە بە شەڕ دەدات و رەنگە بگاتە ئەڵمانیاش”.

ڤۆلۆدیمێر زیلینسکی سەرۆکی ئۆکرانیا، لە گفتوگۆەیەکی رۆژنامەوانیدا گوتی: “پرسیارەکە ئەوەیە، تاکەی دەتوانین بەرگری بکەین؟ ئەمە تەنیا بە ئێمەوە پەیوەست نییە، بەڵام بەرگە دەگرین. ئەگەر ئەوان بێنە شارەکانمان، یاخیبوون و شەڕی کۆڵان بە کۆڵان روودەدات و دەستبەرداری سەربەخۆییمان نابین. ئەمڕۆ شەڕ لێرەیە، سبەی لە لیتوانیا و دواتر لە پۆڵەندا و پاشان ئەڵمانیا. ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا دوورە، بەڵام لە چەند رۆژی رابردوودا هەست دەکەم ئەمەریکا نزیکترینە بۆ ئێمە”.

زینلینسکی دەپرسێت: “ئێوەی ئەمەریکییەکان چی دەڵێن؟ من تەنیا دەمەوێت ئێوە هەست بکەن کە مانای ئازادی بەلای ئێمەوە چییە؟ چونکە ئەمەریکییەکان بەردەوام باس لە ئازادی دەکەن و دەزانن مانای چییە. ئێستا کاتێک سەیری ئۆکرانییەکان دەکەیت، پێم وایە تێدەگەن کە ئەمە چ واتایەکی بۆ ئێمە هەیە”.

K24

ھەواڵی زیاتر