ئۆکراینا چۆن دەستبەرداری نزیکەی 1900 دانە لە کڵاوە ئەتۆمیەکانی بوو؟ 

دوای ھەڵوەشانەوەی یەکێتی سۆڤیەت لەساڵی ١٩٩١، ئۆکرایناو ١٤ وڵاتی تر لە سۆڤیەت جیابوونەوەو سەربەخۆیی خۆیان راگەیاند، ئۆکرانیا یەکێک لەو وڵاتانە بوو دوای ئەو ھەڵوەشانەوەیە بووە خاوەنی نزیکەی ١٩٠٠ چەک و کڵاوەی ئەتۆمی و دەتوانین بڵێن کەوتە رێزبەندی سێیەم وڵاتی جیھان بۆ خاوەندارێتی چەکی ئەتۆمی لەدوای روسیاو ئەمەریکا کە یەکەم و دووەم بوون.

لەکاتێکدا ئۆکراینا دوای سەربەخۆبوونی خاوەنی ئابوریەکی لاواز بوو، سیستەمە سیاسیەکەشی جێگیرنەبوو و نغرۆی گەندەڵی بوو و حکومەتەکەشی ساوا بوو، لەوکاتەدا ھێزە رادیکاڵیە ئیسلامیەکان و رێکخراوە توندڕەوە تیرۆریستیەکان لەناوچەکانی بەلقان و باشوری ئاسیا و رۆژھەڵاتی ناوەراست و باکوری ئەفریقیا لەبەھێزی و پەرەسەندنێکی خێرادابوون، باندە مافیاييەکانی بازرگانی چەکیش لەوکاتەدا لەوپەڕی جموجۆڵ و چالاکیدابوون، ھەروەھا پاراستن و صیانەکردنی بەردەوامی ئەو جبەخانە ئەتۆمیە زەبەلاحەی ئۆکراینا ساڵانە بودجەیەکی یەکجار گەورەی پێویست بوو کەدابینکردنی ئەو بودجە زەبەلاحە تەنھا لەتوانایی وڵاتێکە خاوەنی ئابوریەکی بەھیز بێت، ئەم ھۆکارانە وای کرد مەترسی لەسەر ئەو جبەخانە گەورە ئەتۆمیە دروست بێت بە دزین یان فرۆشتن یان بڵاوبونەوەیان، بۆیە وڵاتانی زلھێز بەتایبەت ئەمەریکاو بەریتانیا و روسیا و ئێرلەندای باکور بۆ ئەوەی ئەو مەترسیە بڕەوێننەوە نەبادا ئەو کڵاوە ئەتۆمیانە بگەنە دەستی ھێزە رادیکاڵیەکان یان ھەندێ وڵات کەھەوڵی بەدەستھێنانی ئەو چەکەیان دەدا، کەدواتر بەھۆی دەستکەوتنی ئەو چەکەوە ببنە ھەڕەشەی گەورە بۆ سەر تەواوی جیھان یان ھاوسەنگیە ھەرێمیەکانی ئەو ناوچانەی پێ تێکبدەن: بۆ رەواندنەوەو بنبڕکردنی ئەو مەترسیانە، رێککەوتنامەی (بۆدابست لەساڵی ١٩٩٤ واژوو کرا لەنێوان وڵاتەکانی روسیاو ئەمەریکاو بەریتانیا و ئێرلەندای باکور، ناوەرۆکەکەی بریتی بوون لە:

  1. رێز لەسەربەخۆیی ئۆکراینا بگیرێت و دان بەسەروەری بەسەر خاکەکەیدا بنرێت.
  2. پاراستنی ئۆکراینا لەھێرشی دوژمنکاری دەرەکی و نابێ ھێرشی بکرێتە سەر.
  3. ھیچ گوشارێکی ئابوری لەسەر ئۆکراینا نەکرێت تا سیاسەتی بگۆڕێت.
  4. ئۆکراینا پارێزراو بێ لەھێرشی ناوکی.

لەبەرامبەر ئەو رێککەتننامەیە ئۆکراینا دەستبەرداری ئەو ١٩٠٠ کڵاوە ئەتۆمیە دەبێت و دەیانگەڕێنێتەوە بۆ روسیا، ھەروەھا تەواوی سەکۆموشەکی و موشەکە بالیستیەکیشور بڕە ستەراتیژیەکانی، ھەڵبوەشێنێتەوە.
روسیا لەبەرامبەر گەڕانەوەی ئەوکڵاوە ئەتۆمیانە، دەبێ سوتەمەنی ناوکی بۆ کورەئەتۆمیەکانی ئۆکراینا دابین بکات، ئەمەریکاش خەرجی و تێچووی ھەڵوشاندنەوەی ئەو جبەخانە ناوکی و موشەکیەکانە بدات بەئۆکراینا و نەتەوەیە یەکگرتوەکانیش ھاوکاری دارایی بە ئۆکراینا بدات چونکە دەچێتە رێزی ئەو وڵاتانەی کەواژویان کردووە خاڵی بن لە چەکی ئەتۆمی و رێگرن لەبڵاوبونەوەی .

بەم جۆرە ئۆکراینا تا ساڵی ١٩٩٦ دەستبەرداری تەواوی جبەخانە ئەتۆمەکانی بوو، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئۆکراینا خۆی خاوەنی تەکنۆلۆجیای ناوکیەو ھەرکاتێک بیەوێت، دەتوانێت ببێتەوە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.

لە ساڵی ٢٠١٤ و دوای روداوکانی نیمچەدورگەی قرم، روسیاو ئۆکراینا یەکترین تۆمەتبارکرد بە پێشێلکردنی ئەم رێککەوتنامەیە، ھەریەکیان بیانوەی خۆی بەدەستەوە بوو، ئۆکراینا دەڵێت: بەگوێری رێککەوتنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان وڵاتان خاوەنی سەروەری خۆیانن و ئازادن بچنە ناو ھەر رێککەوتنامەیەکەوە بۆ دابینکردنی زیاتری ئاشایشی وڵاتەکەیان، روسیاش دەڵێت: نابێت وڵاتان ئاسایشی خۆیان لەسەر حیسابی ئاسایشی وڵاتێکی تر دەبین بکەن، ھەر ئەوەش جەوھەری ملاملانێی نێوان ئەو دوو وڵاتەیە.

ئەم ساڵ لە کۆنگرەی ئاسایشی میونشن، زیلینسکی سەرۆکی ئۆکراین ئاماژەی بەوەدا کە وڵاتەکەی روبەروی ھەڕەشەو ھێرشی روسیا بۆتەوە، رێکەوتننامەی بۆدابیستی پێشێل کردووە، لەسەر ئەو وڵاتانە پێویستە روبەروی روسیا ببنەوە چونکە بەھۆی ئەو رێککەوتنامەیەوە ئێمە داماڵراین لەچەکی ئەتۆمی، ئەگەر ئەو چەکەمان ھەبوایە ئێستا روسیا نەیدەتوانی ھەڕەشەو ھێرشمان بکاتە سەر، ئەگەریش ئێوە ئەوانەی تەرەفن لەم رێککەوتننامەیە بێدەنگ بن ئەوا ئێمەش ھیچیتر ئیعتیبار بۆ ئەم رێککەوتننامەیە دانانێین دەست بەدروستکردنی چەکی ناوکی دەکەینەوە، ھەر بۆیە دوای تەواو بوونی کۆنگرەکە و ئەو ھەڕەشەیەی زیلینسکی، بە چەند رۆژێک دواتر روسیا ھێرشی سەر ئۆکراینی دەست پێکرد.
ئێستاش کە ئەو وڵاتانەی یارمەتی ئۆکراینا دەدەن بۆ پاراستنی ئاوی رووی خۆیانە، چونکە نەیانتوانیوە ھێرشی روسیا بۆ سەر ئۆکراینا رابگرن، ئەمەش لەکاتێکدایە کە تەنھا گەلی ئۆکراینا بونەتە قوربانی و باجەکەی دەدەن.

تێبینی:
لێرە ھەندی ساویلکە ھەن بەردەوام باسی ئەوە دەکەن کە بارزانی گوێی بەنامەکەی تیلرسن نەدا لەکاتی ریفڕاندۆم.
پێمان ناڵێن نامەیەک چ ئیعتیبارو پابەندیەکی ھەیە بۆ ئەمەریکا لەکاتێکدا خۆی و بەریتانیا زامنی رێکەوتننامەی بودابستن بۆ پاراستنی ئۆکراین دوای داماڵینی لە چەکی ئەتۆم و جێبەجێشی کرد!

نیازحاجی

ھەواڵی زیاتر