فەرەنسا بۆ ئوستڕالیا، ئەمەریکا و بەریتانیا: لە پشتەوە چەقۆمان لێدراە

دوای پاشگەزبوونەوەی ئوستڕالیا لە ڕێککەوتننامەیەکی 50 بلیۆن یۆرۆ لەگەڵ فەرەنسا و کڕینی تەکەنەلۆجیای نوێ، قەیرانی دیپلۆماسی لە نێوان ھاوپەیمانییە ڕۆژئاواییەکان دروست بووە.

ژان یڤ لو، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا داوای لە باڵیۆزەکانی لە ھەردوو وڵاتی ئەمەریکا و ئوسترالیا کردووە تا بگەڕێنەوە، سەرەڕای ئەوەی زەرەرێکێ زۆری ئابووری کە بە دەیان بلیۆن یۆرۆ خەمڵێندراوە، فەرەنسا دەڵێت مامەڵەی ئەم دوایەی ئوستورالیا و ھاوبەشەکانی وەک خیانەت وایە و ئێمە وەلا نراوین، بۆیە شتەکان بەباشی بەڕێوە ناچن”

چوارشەممەی پێشوو، ئوسترالیا پاشگەزبوونەوەی خۆی ڕایگەیاند لە ھەمبەر ئەو ڕێکەوتننامەی لەگەڵ فەرەنسای ھەبووە کە بە بڕی 50 بلیۆن یۆرۆ کە تێیدا فەرەنسا 12 ژێرئاوی مۆدێل دیزڵ-کارەبایی پێشکەشی ئوسترالیا دەکرد. لە بری ئەوە و لە ڕێکەوتنێکی نوێدا ئوسترالیا دەبێتە خاوەنی 8 ژێرئاوی وزە-ناوەکی، ئەمەش بەھۆی ئەو ڕێکەوتننامە نوێیەی لە نێوان ئەمەریکا، بەریتانی و ئوسترالیا ئەنجام درا لە ژێر ناوی ئۆکوس (AUKUS).

چوارشەممە، سەرۆک وزیرانی ئوسترالیا سکات مۆریسن ڕایگەیاند، ئوسترالیا، ئەمەریکا و بەریتانیا لەسەر بەرنامەیەکی ھاوبەش ڕێکەوتوون و ئەمەش دەبێتە ھۆی گۆڕینی ھاوسەنگی ھێزی دەریایی لە زەریای ھێمن.

ھەریەک لە ژان یڤ لو درا وەزیری دەرەوە و وەزیری بەرگری فلۆرانس پارلی ناڕەزایی خۆیان لەسەر ئەم بڕیارەی ئوسترالیا ڕاگەیاند و وتیان “بڕیارەکە کاریگەری نەرێنی لەسەر ئەو پەیوەندییە ھەیە کە لە نێوانمان” وەزیری ناوخۆش بە رادیۆی فرانسی ڕاگەیاندووە، کە لە پشتەوە چەقۆمان لێدراوە.

باڵیۆزی فەرەنسا لە ئوسترالیا، ژان پییەر لە کاتی بە جێھێشتنی باڵیۆزخانە بە ئەلجەزیرەی وت “ھەڵەیەکی زۆر گەورە کراوە، ئێمە وەک لایەن سەیری ئوسترالیامان نەدەکرد بەڵکو وەک ھاوبەشێک، ھاوبەشەکان متمانە بە یەک دەکەن”

دوێنی وەزیری ناوخۆ دیسانەوە ئیدانەی ئەم کارەی ئوسترالیای کرد بە “دوو ڕویی، وەلانان و درۆ” ناوی برد، ئەو پێی وایە لە پشتەوە ڕێککەوتن کراوە دژی فەڕەنسا، بەڵام ئەمڕۆ سەرۆکوەزیرانی ئوستڕالیا، سکات مۆریسن ڕایگەیاند، فەرەنسا خۆی باش دەزانێت ئەو ژێرئاوییانەی دروستی دەکەن لە ئاست داواکارییەکانی ئوستڕالیادا نین و لە مانگی حوزەیرانش ماکرۆنی لەم بابەتە ئاگادار کردووەتەوە.

پیتەر دوتۆن وەزیری بەرگری ئوسترالیا ڕایگەیاند، وڵاتەکەی ڕاستگۆیانە فەرەنسای ئاگادار کردووەتەوە لە ھەمبەر بەدەستھێنانی یەکەم ژێرئاوی وزە-ناوەکی، بەڵام وەزیری ناوخۆی فەرەنسا ڕەتی کردەوە کە گفتوگۆی چڕ لەسەر ئەم بابەتە کرابێت.

ھاوپەیمانی نیوان فەرەنسا و ئەمەریکا دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1778، دوو ڕۆژ دوای سەربەخۆیی ئەمەریکا، وەک بەشێک لە ھاوپەیمانی فرانکۆ-ئەمەریکی، فەرەنسا یارمەتی سەربازی و دارای ئەمەریکای داوە لە ماوەی جەنگی ھەڵگەڕانەوەی دژی بەریتانیا.

فەرەنسا وەک کۆنترین ھاوپەیمانی ئەمەریکا، یەکەم جارە لە مێژوودا بالێۆزی وڵاتەکەی بانگبکاتەوە و وەزیری ناوخۆش رایگەیاند، یەکەم جارە لە مێژوودا باڵیۆزی وڵاتەکەمان لە ئەمەریکا بانگ بکەینەوە بۆ گفتوگۆ چونکە ئەمە جوڵەیەکی سیاسی جددییە”.

کۆشکی سپی نیگەرانی خۆی لە ھەمبەر بریارەکەی فەرەنسا بۆ بانگکردنەوەی باڵیۆزی وڵاتەکی ڕاگەیاند و دەڵێن بەردوام دەبین لە پەیوەندی بۆ چارەسەرکردنی جیاوازییەکان.

گابرێل ئاتال، وتەبێژی حکومەتی فەرەنسا بە کەناڵی خەبەری BFM TVـی ڕاگەیاند کە جۆ بایدن داوای کردوە قسە لەگەڵ سەرۆکی فەرەنسا بکات و لە چەند ڕۆژی داھاتوودا ھەردوو سەرۆکان پەیوەندی تەلەفۆنی دەکەن.

گابریێل ئاتال وتیشی” فەرەنسا چاوەڕێی ڕوونکردنەوە دەکات لە ھەمبەر پاشگەزبونەوەی ئوسترالیا لە ڕێکەتننامەکە”.

لە لای خۆیەوە، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئوسترالیا ڕایگەیاند، ئێمە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ فەرەنسا بەرز دەنرخێنین و بەردوام دەبین لە پەیوەندی لەگەڵ پاریس.

ھەواڵی زیاتر