ئەو بڕە نیتراتی ئەمۆنیۆمەی ساڵی پار لە بەندەری بەیروت تەقییەوە تەنیا یەک لەسەر پێنجی بڕی سەرەتا بووە کە لە ساڵی 2013 عەمبار کرا بوو.
4ی ئاب، ساڵێک بەسەر تەقینەوەکەی بەندەری بەیروتدا تێپەڕ دەبێت، پرسیارە سەرەکیەکان ھێشتا بێ وەڵامن، وەک چۆن بڕێکی زۆر لە نیتراتی ئامۆنیۆم کە دەکرێت بۆمبی پێ دروست بکرێت، بە شێوەیەکی نا پارێزراو لە پایتەختی وڵات بۆ چەندین ساڵ جێ دەھێڵرێت؟
تەقینەوەکە بە گەورەترین جۆری نا-ناوەکی ھەژمار دەکرێت، کە بووە ھۆی مردنی 200 کەس و بریندار بوونی ھەزاران.
بە پێی بەڵگەنامەکانی FBI لە 7 تشرینی یەکەمی 2020، کە ئەم ھەفتەیە ئاژانسی ھەواڵی ڕۆیتەرز بڵاوی کردووەتەوە. نزیکەی 552 تۆن لە نیتراتی ئامۆنیۆم لەو ڕۆژە تەقیوەتەوە، لە کاتێکدا سەرەتا بڕی 2754 تۆن لە بەلەمێکی عەمبارکردنی ڕووسی ھێنراوەتە بەندەری بەیرووت لە ساڵی 2013.
وتەبێژی FBI ئاماژەی بەوەدا کە تیمی لێکۆڵینەوە لەسەر دوای حکومەتی لوبنان دەستی بە لێکۆڵینەوە کردوە دوای ڕووداوەکە. لوبنان لەسەر ئاستی فەڕمی ھاوڕایە لەگەڵ ئەو 552 تۆنەی کە FBI دایناوە، ھەروەھا پێشتریش باسی ئەوە کراوە کە ئەو بڕەی دیار نەماوە ڕەنگە دزرا بێت.
کاپتنی کەشتیەکە دەڵێت: “لە جۆرجیاوە نیتراتی ئامۆنیۆممان دەگواستەوە بۆ مۆزەمبیق، بەڵام بەبێ ھۆشداری پێشوەختە ڕێنمایی کرام لە بەندەری بەیروت بوەستم بۆ عەمبار کردنی کاڵای زیاتر”.
ئەم کەشتیە ساڵی 2013 گەشتووەتە بەیروت، بەڵام ھەرگیز ئەوێی بەجێ نەھیشت و کەسیش نەھات بۆ وەرگرتنەوەی کارگۆکان.
لایەنی فەرمی لوبنان دوو ئەگەریان بۆ دیار نەمانی تەقەمەنیەکە داناوە، ئەوەی دزرابێت یان لە کاتی تەقینەوەکە کەوتبێتە ناو ئاوەوە، بەڵام FBI دەڵێت کۆگاکە ھێند گەورە بووە کە بتوانرێت بڕی 2754 تۆنی تێداھەڵبگیرێت، لۆژیکی نییە وا دابنرێت ئەم بڕە زۆرە لە کاتی تەقینەوەکە لەوێ بوبێت، وەک ئاماژەیەک بۆ دزرانی نیتراتی ئامۆنیۆم”