بایدن: کۆتایی بە درێژترین جەنگی ئەمەریکا دەھێنین

جۆ بایدن، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا ڕایگەیاند، کشانەوەی ھێزەکانمان لە ئەڤغانستان لە 2021/8/31 کۆتایی پێ دێت.

نزیکەی 20 ساڵە و دوا بە دوای ھێرشەکانی 11 سێپتێمبەر، ھێزەکانی ئەمەریکا لە ئەفغانستان ئامانجی سەربازی خۆیان بە دیھێناوە بە کوشتنی ئوسامە بن لادن و نەھێشیتنی مەترسی زیاتر لەسەر ئەمەریکا

بایدن دەڵێت: “مانەوە لە ئەفغانستان بژاردەیەک نییە، ھەرگیز نەوەیەکی دی لە ئەمەریکا نانێرمە ئەڤغانستان بۆ شەڕ”

پێنجشەممە 2021/7/8، بایدن لە تویتیکدا دەڵێت
“ئێمە ھێزەکانمان لەو جێیانە جێگر دەکەین کە تیرۆری لێیە وەک: باشوری ئاسیا، ڕۆژھەڵاتی ناوەڕست و ئەفریقا.
بەڵام ھەڵە نەکەن، ئێمە توانای پاراستنی خۆمان ھەیە لەھەر مەترسییەکی تیرۆرستی کە لە لایەن ئەڤغانستانەوە دروست ببێی”.

بایدن ئاماژەی بەوەش دا ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا ناچێتە ئەفغانستان بۆ بونیادنانەوەی وڵاتەکە، پێویستە خەڵکی ئەفغانستان بە تەنھا بڕیار لەسەر داھاتووی خۆیان بدەن.

بایدن دەڵێت: “ئەگەر حکومەتی ئەڤغانستان پێکەوە کار بکەن دەتوانن وڵاتەکایان دروست بکەن، بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە ھەموو پێکەوە دژی تیرۆر ڕادەوەستن؟”.

بایدن بڕوای بە ھێزی ئەڤغانستان ھەیە کە چەن ساڵە لە لایەن ھێزی ئەمەریکی مەشقیان پێ دەکرێت و کەرەستی پێویستیان بۆ دابین کراوە و دەڵێت
“بڕوام بە تاڵیبان نیە، بەڵام بڕوام بە توانای سەربازی ھێزی ئەڤغانستان ھەیە”

کشانەوەی ھێزەکانی ئەمەریکا و ھاوپەیمانان لە ئەفغانستان لە کاتێکدایە ھێزەکانی تاڵیبان دەستیان بەسەر چەندین ناوچەدا گرتووە و بەردەوامن لە پێشڕەویی.

لە کۆتاییدا بایدن دووپاتی کردەوە کە ئەمەریکا بەردەوام دەبێت لە یارمەتی دانی حکومەتی ئەفغانستان و ھەروەھا ھەزران وەرگێڕ کە لەگەڵ ھێزەکانی ئەمریکی کاریان کردوەو و دەڵێت: “ئەمەریکا ماڵی ئێوەیە ئەگەر ھەڵیبژێرن، لەگەڵتان دەبین وەک چۆن ئێوە لەگەڵ ئێمە بوون”.

ھەواڵی زیاتر