دامەزراوەى نێودەوڵەتى بۆ وزەى ئەتۆمى رایگەیاند، ئێران بە شێوەیەکى کردەیی دەستیکردووە بە بەرهەمهێنانى کانزاى یۆرانیۆمى چڕ بە رێژەى 20%. ئەمەش، وەکو هەنگاوێک کە دەتوانێت یارمەتی بدات بۆ دروستکردنى چەکى ئەتۆمى.
چەند وڵاتێکى ئەوروپیش هۆشداریان داوە سەبارەت بەم هەنگاوەى ئێران و دەڵێن: دەبێتە هەڕەشە بۆسەر گفتوگۆکانى زیندوکردنەوەى رێککەوتنە ئەتۆمییەکەى ساڵى 2015.
ئەم هەنگاوانەى ئێران بووەتە هۆى رەخنەلێگرتن لەلایەن ئەمریکاوە و بە هەنگاوێکى بەرەو دواوەى لە قەڵەمداوە. بەڵام، تاران دەڵێ: ئامانج لە بەرهەمهێنانى کانزای یۆرانیۆمى پیتێندراو بە رێژەى 20%، بەرهەمهێنانى وەزیە بۆ وێستگەکانى توێژینەوە.
هاوکات چەند بەرپرسێکى ئەمریکى و ئەوروپی ئەوەیان راگەیاندووە، ئەم هەنگاوەى ئێران دەبێتە هۆکارى ئاڵۆزبوون و رەنگە گفتوگۆ ناڕاستەوخۆکانى نێوان واشنتۆن و تاران هەڵبوەشێنێتەوە، کە ئامانجى ئەوەیە هەردوو وڵات بگەڕێنێتەوە بۆ پابەندبوون بە رێکەوتنە ئەتۆمییەکە کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکى پێشووی ئەمریکا لێی کشایەوە.