ئەو مەیموونە بەهۆی لێهاتووییەکەیەوە پلەی عەریفی لە جەنگی یەکەمی جیهانی بەدەستهێنا

ئەلبێرت مار کوڕێکی خەڵکی وڵاتی ئەفریقای باشوور بوو، رۆژێک بە باخەکەیدا پیاسەی دەکرد بە رێکەوت مەیموونێکی دۆزییەوە، مار مەیموونەکەی لەگەڵ خۆی هێنایەوە و بڕیاری دا بەخێوی بکات و لای خۆی بیهێڵیتەوە ناوی لێ نا جاکی.
جاکی بۆ چەند ساڵێک لەگەڵ مار ژیا، لە ساڵی 1915 لە میانی جەنگی یەکەمی جیهانی، مار بوو بە سەرباز لە فەوجی پیادەڕۆی باشووری ئەفریقیا، بەڵام مار نەیدەویست مەیموونەکەی جێ بهێڵێت و لەگەڵ خۆیدا بردییە سەربازیی.
جاک وەک هەموو سەربازەکانی دیکە بە رێزەوە مامەڵەی لەگەڵدا دەکرا و جلوبەرگی فەرمی پێدرا، وەک سەربازێکی ئاسایی هەڵسوکەوتی دەکرد کاتێک ئەفسەرێکی باڵا بەلای تێدەپەڕی بەشێوەیەکی دروست رادەوەستا و سڵاوی دەکرد، جگەرەی بۆ هاوڕێکانی دادەگیرساند، بەهۆی بەرزیی هەستی بۆنکردنی پاسەوانی دەکرد.
بەهۆی لێهاتووییەکەیەوە، بووە هێمای فەرمی فەوجی ترانسفاڵی سێیەم، لەگەڵ سەربازەکان بۆ هەموو لایەک دەڕۆشت و لە خەندەقەکانی فەڕەنساش خزمەتی کرد، لە کاتی رووبەڕووبوونەوە لەنێو یەکێک لە خەندەقەکان قاچێکی بە سەختی بریندار بوو، بە مەبەستی چارەسەرکردنی گواسترایەوە بۆ نەخۆشخانە، بەڵام بەهۆی سەختی برینەکەی ناچار بوون قاچی ببڕنەوە.
دوای چەند رۆژێکی کەم چاک بوویەوە و گەڕایەوە ئەرکی خۆی و بەهۆی بوێری و لێهاتووییەکەی میدالیای بوێری بەدەستهێنا و پلەکەی بۆ عەریف بەرز کرایەوە، لەگەڵ نزیکبوونەوەی کۆتایی جەنگ جاک مۆڵەتی تەواوبوونی خزمەتی سەربازیی بەدەستهێنا لەگەڵ بەڵگەنامە فەرمییەکانی سەربازیی و مووچەی تایبەت بە خۆی، جاک گەڕایەوە بۆ نێو خانەوادەکەی مار و لە ساڵی 1921 مرد.

پەیجی دژەتیرۆر

ھەواڵی زیاتر