میدیای کوردی، هەروەک زۆرێک لە میدیاکانی جیهان (جۆ بایدن)ی وەک سەرۆکی هەڵبژێردراو ڕاگەیاند. ئاشکرایە میدیای ئەمریکی دەیەوێ سەرۆکایەتی بایدن بکاتە ئەمری واقیع و ئەمەش لە چوارچێوەی جەنگێکی فراوانتری بەرەی ترەمپ و نەیارەکانێتی کە هەمیشە هەوڵیانداوە ترەمپ بە زووترین کات لە سەرۆکایەتی ئەمریکا دووربخەنەوە. هەڵبەت ئەو هەویرە ئاو زۆر دەکێشێ. لێرەدا من تەنها ئاماژە بە چەند خاڵێک دەدەم کەڕاستەوخۆ پەیوەندارن بە هەڵبژاردنەکان و لە ماوەی شەش هەفتەی ئایندەدا تەواوی معادەلەکە لە بەرژەوەندی ترەمپ دەگۆڕن.
- هێرشێکی توند بۆ ڕوخاندنی مۆرالی بەرەی ترەمپ:
ڕاگەیاندنی بایدن بە سەرۆکی هەڵبژێردراو، سەمای بەکۆمەڵی ئەمریکییەکان لە سەر شەقامەکان و شەپۆلی پەیامی پیرۆزبایی سەرۆکی وڵاتان لە بایدن. هەموو بەشێکن لە هێرشی یەکەمی یەکلاکەرەوە بۆ شکاندنی مۆراڵی بەرەی ترەمپ و خۆبەدەستەوەدان بەو جۆرەی کە هەڵبژاردنی بایدن بکەنە ئەمری واقیع و ڕای گشتی ئەمریکی و جیهانیش چاوەڕوانی خۆبەدەستەوەدانی ترەمپ بکا. ئەمە هێرشێک بوو بۆ شکاندنی مۆراڵی ترەمپ و دەکرێ بەراورد بکرێ بە (هەڵمەتی ترس و تۆقاندن – shock and awe) کە دەستەواژەیەکی بواری جەنگی سەربازییە. بەڵام ترەمپ خۆی بەدەستەوە نەدا. لێرەدا پێویستە ئاماژە بەوە بدەین کە پەیامی پیرۆزبایی سەرۆکی وڵاتان بەو مانایە نییە کە ئەوان بەشێکن لەو جەنگە، بەڵکو ئەو پەیامانە لە سەر بنەمای ئەنجامی هەڵبژاردنەکانە کە کێشەکە لەوێدایە. - خۆئامادەکاری بۆ هێرشی پێچەوانە:
تا ئێستا ئەنجامی هەڵبژاردنەکان بە فەرمی ڕانەگەیندراون و پرۆسەی هەژماردکردنی دەنگەکان کۆتایی نەهاتووە و ئەوەی هەیە تەنها ڕاگەیاندنی بایدن بووە بە سەرۆک لە لایەن میدیای ئەمریکی-یەوە! بەرەی ترەمپ پاش شۆک و توڕەیی لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان لە دوو ڕۆژی یەکەمدا، ئێستا لە خۆڕێکخستنەوەدایە و ئامادەکاری بۆ هێرشی پێچەوانە دەکا کە ئەوەش لە شەپۆلێکی زۆر سکاڵا و تانەدانی یاسایی لە ماوەی دوو هەفتەی ئایندەدا بەرجەستە دەبێ. تەرکیزی بەرەی ترەمپ بە تایبەتی لە سەر ویلایەتەکانی(ئاریزۆنا، پەنسڵڤەینیا، میشیگن، ویسکەنسن، نێڤادا و جۆرجیا) دەبێ کە تێیدا جیاوازی دەنگەکان زۆر کەمە و بۆ ئەم مەبەستەش بەرەی ترەمپ تیمی مەیدانی لە هەموو ئەو ویلایەتانە ڕێکخستووە کە لە سەدان پارێزەر و ڕاوێژکاری یاسایی و دەستووری پێکدێن و لە ئێستادا سەرگەرمی کۆکردنەوەی پێشێلکارییەکانن لە هەریەک لەو ویلایەتانە. ئەم تیمانە لە ماوەی دوو هەفتەی ئایندەدا کۆمەڵێک سکالای یاسایی لە مەحکەمەی ویلایەتەکانیان تۆمار دەکەن و داوای هەڵبژاردنەوەی دەنگەکان دەکەن. - چەک و تەقەمەنی بەرەی ترەمپ:
هەرچی پەیوەندی بە ناوەرۆکی سکاڵا یاساییەکانەوەیە، تیمی ترەمپ تەرکیز لە سەر چوار خاڵ دەکات.
یەکەم/ تەزویر لە دەنگی پۆستدا: هەڵبژاردنی ئەمساڵ لە هەڵبژاردنەکانی پێشتر جیاواز بوو چونکە نیوەی خەلکی ئەمریکی لە ڕێگەی پۆستەوە دەنگیدا. دیموکراتەکان قەیرانی پەتای کۆرۆنایان قۆستەوە بۆ ئەوەی دەنگدانی پۆست بکەنە جۆرێکی سەرەکی لە دەنگدان و لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا هەنگاو بە هەنگاو لە ڕووی یاساییەوە ئەم شێوە لە دەنگدانەیان چەسپاند. جگە لەوەش دیموکراتەکان لە ڕووی یاساییەوە چەند بەربەستێکیان هەڵگرت بۆ دەنگدان، لەوانە پێویست نەبوون بە ناسنامە بۆ دەنگدان (لە چەند ویلایەتێک) و هەروەها پۆستەکردنی دەنگ هەتا کۆتاییهاتنی ڕۆژی دەنگدان و بەو پێیەش قبوڵکردنی فۆرمی دەنگی پۆست تا چەند ڕۆژێک لە دوای ڕۆژی هەڵبژاردن. بەرەی ترەمپ ئاماژە بۆ ئەوە دەکا کە لە هەموو ئەو هەلبژاردنانەی لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا ڕێژەیەکی زۆر دەنگی پۆستیی تێدا بەکارهاتبێ، ڕێژەیەکی زۆر تەزویر و ساختەکاریی کراوە. ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگر لە سەر ئەساسی ئەو هەڵبژاردنانە ئەوەیە کە لە سەدا یەکی (0.01%) دەنگی پۆستیی تەزویر و ساختە بوون. گەر بڕوانینە ئەو ویلایەتانەی کە جارێ بە ئاشکرا یەکلانەبوونەتەوە، دەبینین، جیاوازی لە دەنگەکانی نێوان ترەمپ و بایدن لە سەدایەکی ڕێژەی دەنگدانی پۆستیی کەمترە کە ئەمەش وایکردوو بەرەی ترەمپ پشتئەستوور بێ بەوەی کە پاش هەژمارکردنەوەی دەنگەکان ژمارەیەکی بەرچاو “دەنگی نایاسایی” بۆ بایدن دەسوتێندرێن.
دووەم/ گۆڕینی نایاسایی یاسای هەڵبژاردنەکان لە ویلایەتی پێنسڵڤەینیا:
هەلبژاردنەکان لە ئەمریکا لە لایەن ویلایەتەکانەوە ڕێکدەخرێن کە هەموو پەرلەمان و حکومەت و مەحکەمەی باڵای تایبەت بەخۆیان هەیە. لە ماوەی ڕابردوودا دیموکراتەکان یاسای هەڵبژاردنەکانیان لە ویلایەتی پێنسڵڤەینیا گۆڕی کە وادگوترێ لە بەرژەوەندی دیموکراتەکان بێ کە سەرۆکی حکومەتەکەی و وەزیری دەرەوەی دیموکراتن، بەڵام زۆرینەی پەرلەمانی جمهورین. بە پێی یاسای ویلایەتی پێنسڵڤەینیا پەرلەمانی ویلایەتەکە دەبێ دواجار ڕەزامەندی لەسەر گۆرانکارییەکانی تایبەت بە هەڵبژاردن لەو ویلایەتە بدا. بەڵام دیموکراتەکان بێ گەڕانەوە بۆ پەرلەمان، ئەو گۆڕانکارییانەیان بردە بەردەم مەحکەمەی پێنسڵڤەینیا. لە ئێستادا بەرەی ترەمپ دەیەوێ جگە لە هەژمارکردنەوەی دەنگەکان، گۆڕینی یاسای هەڵبژاردنەکان وەک کەیسێکی نایاسایی بباتە بەردەم مەحکەمەی باڵای ویلایەتە یەکگرتووەکان (U.S. Supreme Court) کە لەوێش باڵانسی هێز لە بەرژەوەندی جمهورییەکانە و شەش دادوەری محافزکار بەرامبەر سێ دادوەری نوێخواز هەیە. هەرچەندە ڕەنگە دادوەر ڕۆبێرتز کە کۆنسەرڤاتیڤە دواجار لە بەرژوەندی دیموکراتەکان دەنگبدا، بەڵام دیسان مەحکەمەی باڵای ئەمریکا دەتوانێ ٥ بە ٤ دەنگ لە بەرژەوەندی جمهورییەکان بدا و بڕیارەکەی مەحکەمەی پێنسڵڤەینیا بە نادەستووری ناوزەد بکا کە ئەمەش ڕاستەخۆ کاریگەری لە سەر دەنگەکانی ویلایەتی پێنسڵڤەینیا دەبێ و وا چاوەڕواندەکرێ ترەمپ، نەک بایدن، بکاتە براوەی ویلایەتی پێنسڵڤەینیا.
سێیەم/ تەزویر و قۆرخکاریی لە بنکەکانی دەنگداندا
تیمی ترەمپ ئاماژە بە کۆمەڵێک قۆرخکاری و تەزویر دەکات لەو ویلایەتانەی ئەماژەیان پێدرا هەروەک ڕێگری لە چاودێری جمهورییەکان لە پرۆسەی جیاکردنەوەو هەژمارکردنی دەنگەکان لە شارەکانی دیترۆیت و ئەتڵەنتا. هەروەها کۆمەڵێک تەزویر و ساختەکاری دیکە هەروەک دەنگدانی مردوو، دەنگدان لە جێگەی خەڵکی دیکە، کۆکردنەوە و هاندانی بە کۆمەڵ بۆ دەنگدان (ballot harvesting) کە لە هەندێ ویلایەتدا نایاساییە و لە هەندێ ویلایەتیشدا ڕێگەپێدراوە. بۆ ئەم مەبەستەش تیمە یاساییەکانی ترەمپ بە سەدان بەڵگەی شایەتحاڵییان کۆکردۆتەوە کە زۆربەیان بەهێز نین بەڵام گەر یەکلا بکرێنەوە و دەرکەوت ڕێژەی ساختەکارییەکان فراوان بوون، ئەوا ڕەنگە ئەنجامی دەنگەکان بگۆڕن، بەتایبەتی لەو ویلایەتانەی کە جیاوازی دەنگەکان کەمن وەک جۆرجیا، نێڤادا، ئەریزۆنا.
چوارەم/ ئامێری ئەلکترۆنی و سۆفتوێر ساختەکاری پێکراوە.
تیمی ترەمپ ئاماژە بە چەند ئامێرێکی دەنگدان دەکەن کە بە یەک جار هەزاران دەنگی ترەمپی گۆڕیوە بۆ دەنگی بایدن. هەرچەندە وا دەگوترێ کە ئەوە کێشەیەکی تەکنیکی بووە، بەڵام بەرەی ترەمپ لە ئێستادا سەرگەرمی کۆکردنەوەی زانیارین سەبارەت بە ئامێرانە کە دەگوترێ لە ڕێگەیانەوە ساختەکاری کراوە.
لە کۆتاییدا، لە بەر ڕۆشانیی ئەو خالانە و هەروەها بە لەبەر چاوگرتنی ئەو ڕاستییەی کە بەرەی ترەمپ لە خۆڕێکخستنەوەدایە و ڕۆژ بە ڕۆژ پێگەی یاسایی بەهێزترە، دەبێ چاواڕەوانی ئەو بین کە لە ماوەی ٤ بۆ ٦ هەفتەی داهاتوو شەڕێکی گەرمی یاسایی بەڕێوەدەچێ و بە خوێندنەوەی بەندە، بەرەی ترەمپ لەو جەنگەدا سەرکەوتوو دەبێ چونکە هەم کۆمەڵێ ڕێکاری یاسایی بەهێزی لەبەردەستە بۆ گۆڕینی ڕاستەوخۆی دەنگەکان و پاککردنەوە لە دەنگی تەزویر، هەم مەحکەمەی باڵای ئەمریکیشی لەپشتە بۆ ئەوەی دواجار لە بەرژەوەندی بەرەی ترەمپ بڕیاری یەکلاکەرەوە بدا.
زانا کوردە