حازم جەعفەر/ باڵکێش
گۆڤاری شارلی ئیبدۆ زنجیرەیەك وێنەی كاریكاتێریی لەسەر سەرۆكەكان بڵاو كردوەتەوە و دوایین کاریکاتێریش لەسەر ئەردۆگان بووە.
لە بەرانبەر ئەو “سوکایەتییە”ش، توركیا گۆڤاری شارلی ئیبدۆی فەڕەنسی بەهۆی بڵاوكردنەوەی وێنە كاریكاتێرییەکەی ئەردۆگان تۆمەتبار كرد.
فەخرەدین ئاڵتون، بەرپرسی ڕاگەیاندنی سەرۆكایەتیی توركیا لە تویتێكدا دەنووسێت “ ئیدانەی ئەم كارە دەكەین كە ڕەگەزپەرستی و ڕق لە نێوان کلتوورەکان بڵاودەكاتەوە”.
ڕۆژی چوارشەممە 2020/10/28، لاپەڕەی یەکەمی شارلی ئیبدۆدا كە دوێنێ ئێوارە لەسەر ئینتەرنێت بڵاو کراوەتەوە، تێیدا رەجەب تەیب ئەردۆگان بە جلوبەرگی ژێرەوە دانیشتووە، ئافرەتێکیش کە خواردنەوەی بۆ هێناوە، جلی باڵا پۆشی لەبەر کردووە و ئەردۆگان جلەکەی بەرزكردوەتەوە بۆ ئەوەی جەستەی ببینێت.