بزووتنەوەی گۆڕان: بەشداریکردن لە کابینەی نۆیەم بە بڕیاری جڤاتی نیشتمانی بووە
بزووتنەوەى گۆڕان، لەبارەى بەشداربوونیان لە کابینەى نۆیەمى حکومەتى هەرێمی کوردستان و هەڵبژاردنە ناوخۆییەکان و کۆنفرانسى نیشتمانى، ڕونکردنەوەیەکى بڵاو کردەوە.
دەقی ڕونکردنەوەکە:
بزووتنەوەی گۆڕان لە دەستپێکی سەرھەڵدانیەوە ھێزێکی سیاسی و مەدەنیە و، پایەکانی لەسەر سیستەمێکی ئاسۆییە و دەستوری ناوخۆی بزوتنەوەی گۆڕان دیاری کردووە. بەردەوام روانین و دیدگای جیاواز ھەیە و ئەمەش سەلمێنەری زیندویەتی دامەزراوە و ئۆرگانەکانی بزووتنەوەکەیە.
باڵاترین دامەزراوەی بڕیاردان لە گۆڕان جڤاتی نیشتمانییە. بەشداریکردن لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە بڕیاری جڤاتی نیشتمانی بووە، بۆ ئەمەش بزووتنەوەی گۆڕان بەردەوام هەڵسەنگاندن دەکات و دوا بڕیار لە جڤاتی نیشتیمانی و بە بەشداری هەمووان دەدرێت، نەک یەک ئۆرگان. سەبارەت بە ئەنجامدانی هەڵبژادنی ناوخۆیی و کۆنفرانسی نیشتمانی ئەوە خواستی زۆرینەی گۆڕانخوازانە و بڕیاری لەسەر دراوە و کاری لەسەر دەکرێت.
بزوتنەوەی گۆڕان پێشوازی لە پێشنیاز و پرۆژە و دیدگای جیاواز دەکات لە پێناو بەهێزکردنەوەی کاری رێکخراوەیی و پەرلەمانی و حکومی. سوپاس و پێزانینی هەیە بۆ ماندوبونی سەرجەم گۆڕانخوازان لە یانزدە ساڵی ڕابردوودا و هەموو ئەو پڕۆژانەش بە نیشانەی پەرۆشی بۆ بزووتنەوەی گۆڕان دەزانێت.
وتەبێژی بزووتنەوەی گۆڕان
20ی ئابی 2020