با میدیاكان هاوبەش بن لە ڕوبەڕوبونەوەی كۆرۆنا

ڕەحمان غەریب

سەنتەری میترۆ داوا دەکات میدیاکانی ھەرێمی کوردستان لە قۆناغی خۆپاراستن لە نەخۆشی “کۆرۆنا” پاڵپشتی ئەو ھەڵمەتە نیشتیمانییە بکەن بۆ بڵاوکردنەوەی رێنمایی وھۆشیاری خۆپارێزی تەندروستی، نەبنە سەکۆیەک بۆ بەرھەمھێنانی ترس و پڕوپاگەندە، پشت بە سەرچاوەی رەسمی ببەستن.
لەپاش بڵاوبونەوەی “ڤایرۆسی کۆرۆنا” حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە رێگەی وەزارەتەکانی ناوخۆ و تەندروستی و پەروەردەوە پلانەکانیان بۆ روبەروبونەوەی قۆناغی خۆپاراستن لە نەخۆشییەکە، راگەیاند، کارێکی باشە رۆژانە وەزیرەکانی تەندروستنی و ناوخۆ زانیاری و رێوشوێنی تازە بۆ روبەروبونەوە دەدەنە رای گشتی.
لەپاڵ ئەو ھەوڵانەیان، ھاوڵاتیان چاویان لەو دوو وەزارەتەیە لە چالاککردنی چاودێری نەخۆشخانەو بازاڕ، بە ئامانجی پاراستنی تەندروستی گشتی.
سەنتەری میترۆ رایدەگەیەنێت، لەم قۆناغەدا ڤایرۆس ناپرسێت کوڕی کێیت، سەر بەکام حزبیت و ئایینەکەت چییە؟ مەترسییە بۆ سەر ھەمووان، ھەمووان دەبێت ھاوبەش بین، لە روبەرووبونەوەی، بە تایبەتیش پێویستە میدیاکان لە رێگەی بەرنامەی ھۆشیاری تەندروستی ھاوبەش بن لە پلانی قۆناغی خۆپاراستن، رۆڵی بەرچاوتریان ھەبێت لە ھۆشیارکردنەوەی تەندروستی.
بڵاوکردنەوەی راپۆرت و ھەواڵ سەبارەت بە تەندروستی گشتی، ڕوبەڕوبونەوەی پەتا و نەخۆشییە گواستراوەکان، ھاوکاری ھاوڵاتیان دەکات لە پاراستنی ژیانیان، ئەمەش پەیامێکی پیرۆزە، ئەم پەیامە دەبێت پشتببەستێت بە زانیاری روون وردبینی وڕاستگۆیی.
سەنتەری میترۆ داوا لە میدیاکانی ھەرێمی کوردستان دەکات:
– ھەموو ئامرازەکانی پەیوەندیکردن بخەنە خزمەتی قۆناغی خۆپاراستن .
– بەردەوام بن لەھۆشیارکردنەوەی ھاوڵاتیان بە گرنگی خۆپاراستن.
– گرنگی تەواو بدرێت بە ئاگادارییەکانی وەزارەتەکانی تەندروستی و ناخۆ.
– پسپۆڕانی تایبەتمەند بھێننە ناو بەرنامەکان، “کۆرۆنا” تێکەڵی سیاسەت مەکەن.
– وێنە، ناو، ناونیشانی ماڵی نەخۆش ئاشکرا مەکەن، ڕێز لە مافی نەخۆش بگرن.
– پڕوپاگەندە مەکەن بە ھەواڵ، مەبنە سەکۆی بڵاوکردنەوەی ترس.
– مەترسییەکان (بچوک) یان (گەورە) مەکەن، با سەرچاوەکانتان ڕەسمی بن.
– پشت بەئامارەکانی وەزارەتی تەندروستی و ڕێکخراوی تەندروستی جیھانی ببەستن.
– بە ووریاییەوە مامەڵە لەگەڵ سەرچاوەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بکەن.
– ھۆشیاری زیاتر بدرێت لەسەر رێنماییەکانی وەزارەتی ناوخۆ و تەندروستی.
میترۆ چاودێری ئەوەی کردووە کە بەشێکی بەرچاوی میدیاکان، لەو قۆناغەدا رۆڵی گرنگیان ھەبووە لە بڵاوکردنەوەی ھۆشیاری تەندروستی، بەردەوام زانیاری دروست بڵاودەکەنەوە ئەرکی پیشەیی خۆیان جیبەجێکردوە، ھەر سەرکەوتووبن.
لە بارەی میترۆوە:
سەنتەری میترۆ لە ئابی ٢٠٠٩ بە ھەوڵی کۆمەڵێک رۆژنامەنوس و بەرگریکاری مافی مرۆڤەوە، بە ھاوکاری رێکخراوی پەیمانگای رۆژنامەنوسانی جەنگ ‌و ئاشتی IWPR ی ئەمریکی دامەزاروە، بە ئامانجی چاودێری رەوشی ئازادی رۆژنامەنوسی لە ھەرێمی کوردستانی عێراق.
میترۆ بە پێی یاسای رێکخراوە ناحکومییەکانی ھەرێمی کوردستان ژمارە (١)ی ساڵی ٢٠١١ دامەزراوەو مۆڵەتی رەسمی لە حکومەتی ھەرێمی کوردستان وەرگرتووە.
لەسەرەتای دامەزراندنیەوە ھەریەک لە رێکخراوەکانی پەیمانگای رۆژنامەنوسانی جەنگ‌و ئاشتی (IWPR) و رێکخراوی گەلی نەرویژی (NPA) و پاڵپشتی میدیای نێودەوڵەتی (IMS)، پاڵپشتی کردوە. بۆ ساڵی ٢٠٢٠ ژوار پرۆژە بە ھاوکاری وەزراەتی دەرەوەی ئەمریکا، رێکخراوەکانی IMSی دانیمارکی و Intenews .

ھەواڵی زیاتر