کوردستان

وادەیەکی نوێ بۆ دادگاییکردنی لاهور شێخ جەنگی دیاری کرا

29-10-2026
وادەیەکی نوێ بۆ دادگاییکردنی لاهور شێخ جەنگی دیاری کرا
قەبارەی نووسین:
A A 21px

لەسەر داوای تیمی پارێزەران، دانیشتنی دادگاییکردنی لاهور شێخ جەنگی دواخرا و کاتێکی نوێ بۆ بینینی دۆسیەکەی دیاری کرا.

دانا تەقییەدین، گوتەبێژی تیمی پارێزەرانی رووداوەکەی لالەزار: دادگای تاوانەکانی سلێمانی، وادەیەکی نوێی بۆ دادگاییکردنی لاهور شێخ جەنگی و راگیراوانی دیکە دیاری کرد. 

بە گوتەی دانا تەقییەدین، دادگاییکردنەکە بۆ رۆژی 16ـی کانوونی یەکەمی 2026 دواخراوە. باسی لەوەش کرد، بڕیاری دواخستنی دادگاییەکە، لەسەر بنەمای داواکارییەکی تیمی پارێزەران بووە.

لە 15ـی ئەم مانگە و دوای هەشت دانیشتنی دادگا، دادوەرانی دۆسیەی لالەزار بە پێی ماددەی 56 تایبەت بە رێککەوتن و پلاندانان بۆ تاوان، بڕیاری سزادانیان بەسەر لاهوور شێخ جەنگی و پۆڵاد شێخ جەنگی و رێبوار حامی حاجی غالی و ژمارەیەک کەسی دیکەدا سەپاند.

بە پێی ئەو بڕیارانە، لاهوور شێخ جەنگی بە پێنج ساڵ و سێ مانگ، پۆڵاد شێخ جەنگی بە سێ ساڵ و شەش مانگ و رێبوار حامی حاجی غالی بە دوو ساڵ زیندانیکردن سزادران. هەروەها هەشت کەسی دیکە بە ماوەی جیاواز سزادران و دوو تۆمەتباریش بە بێتاوان ناسێنران.

رووداوەکانی هۆتێل لالەزار دەگەڕێتەوە بۆ بەرەبەیانی 22ـی ئابی 2025، کاتێک هێزەکانی کۆماندۆ و دژەتیرۆری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هێرشیان کردە سەر ئەو هۆتێلە لە شاری سلێمانی. لەو رووداوەدا دوای چوار کاتژمێر لە پێکدادانی چەکداری لە نێوان ئەو هێزانە و چەکدارانی هێزی تایبەتی بەرەی گەل بە بەکارهێنانی چەکی قورس، چەندین چەکدار لە هەردوولا کوژران و بریندار بوون.

لە ئەنجامی ئەو ئۆپەراسیۆنەدا، لاهور شێخ جەنگی، پۆڵادی برای و دەیان کەسی دیکە دەستگیر کران. لەوکاتەوە لاهوور شێخ جەنگی و بەشێک لە راگیراوەکانی دیکە لە زیندان ماونەتەوە.