کوردستان

د. گۆڤەند شێروانی کۆچی دوایی کرد

28-10-2026
د. گۆڤەند شێروانی کۆچی دوایی کرد
قەبارەی نووسین:
A A 21px

ئەمڕۆ چوارشەممە، 28ـی تشرینی یەکەمی 2026، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، لە راگەیەنراوێکدا، رایگەیاند، دڵگران و خەمبار بوون بە بیستنی هەواڵی گیانلەدەستدانی پڕۆفیسۆر دکتۆر گۆڤەند شێروانی، مامۆستای زانکۆ و بەڕێوەبەری گشتیی پێشووتری فەرمانگەی نێردراوان و پەیوەندییە رۆشنبیرییەکان لە وەزارەتەکە.

لە بەشێکی دیکەی پرسەنامەکەدا، ئاماژە بەوە دراوە، پڕۆفیسۆر گۆڤەند شێروانی لە ناوەندەکانی خوێندن لە زانکۆکانی کوردستان خزمەتی بەرچاوی پێشکەش کردووە، هەروەها لە لێپرسراویەتییەکەیدا لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی دڵسۆزانە و زانستییانە ئەرکەکانی خۆی بەجێ گەیاندووە.

 وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، پرسە و سەرەخۆشیی خۆی ئاراستەی بنەماڵە و خانەوادەی کۆچکردوو کردووە و هیوای خواستووە گیانی بە بەهەشتی بەرین شاد ببێت و سەبر و دڵنەواییش بە خانەوادەکەی ببەخشێت.

پڕۆفیسۆر دکتۆر گۆڤەند شێروانی یەکێک بوو لە مامۆستا و کەسایەتییە ئەکادیمییە دیارەکانی هەرێمی کوردستان، پسپۆڕییەکی وردی لە بواری وزە و نەوت و گازدا هەبوو. لە ماوەی رابردوودا چەندین لێکۆڵینەوە و بابەتی زانستی لەسەر ئابووریی نەوت و سامانی سروشتی بڵاوکردووەتەوە.

 جگە لە خزمەتکردنی وەک مامۆستای زانکۆ، لە رابردوودا پۆستی بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی نێردراوان و پەیوەندییە رۆشنبیرییەکانی لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان وەرگرتبوو. لە ماوەی کارکردنیدا رۆڵی هەبووە لە رێکخستنی کاروباری قوتابییانی تواناسازی و پێشخستنی پەیوەندییە ئەکادیمییەکانی نێوان زانکۆکانی هەرێمی کوردستان و وڵاتانی دەرەوە.