گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، پێشبینی دەکرێت بەرهەمی هەناری ئەمساڵ لە هەرێمی کوردستان لە ئاستی ساڵی رابردوو زیاتر بێت.
قارەمان قادر، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی: ساڵی رابردوو بەرهەمی هەنار لە هەرێمی کوردستان بە 65 بۆ 75 هەزار تۆن مەزەندە کراوە.
گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ سەبارەت بە دۆخی بەرهەمی ئەمساڵ گوتی: "هێشتا لە سەرەتای بەرهەمهێنانداین و نەگەیشتووینەتە لووتکەی وەرزەکە، چونکە لووتکەی پێگەیشتن و کۆکردنەوەی بەرهەمی هەنار دەکەوێتە مانگی تشرینی دووەم."
قارەمان قادر: "ئەمساڵ بارانبارین باش بووە و کەشوهەوا لەبار بووە، هاوکات نەخۆشییەکان بەتایبەت نەخۆشییە کەڕووییەکان زۆر کەم بوون و ئەوەی هەشبووە کۆنترۆڵ کراوە، بۆیە بەپێی هەڵسەنگاندن و مەزەندەکانمان، پێشبینی دەکرێت بەرهەمی ئەمساڵ زیاتر بێت."
سەبارەت بە وادەی خستنەڕووی هەناری خۆماڵی، گوتەبێژی وەزارەت رایگەیاند: "لە کۆتاییەکانی مانگی تشرینی یەکەم هەناری هەرێمی کوردستان دەکەوێتە بازاڕەکانەوە و تا سەرەتای مانگی کانوونی یەکەم بەردەوام دەبێت."
قارەمان قادر جەختیکردەوە، ژمارەی ورد و کۆتایی بەرهەمەکە لە مانگی یەکی ساڵی داهاتوودا دیار دەبێت کاتێک وەرزی بەرهەمهێنان کۆتایی دێت، بەڵام بە شێوەیەکی گشتی و ساڵانە بەرهەمی هەنار لە هەرێمی کوردستان بە نزیکەی 80 هەزار تۆن دەخەمڵێندرێت.