وەزارەتی دەرەوەی عێراق لەسەر هێرشە مووشەکییەکەی سەر هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان، سکاڵای دژی ئێران له ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان تۆمار کرد.
وەزارەتی دەرەوەی عێراق، بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند "سەبارەت بە هێرشە مووشەکییەکەی سەر هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان، حکوومەتی عێراق سکاڵای دژی ئێران له ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان تۆمار کرد، هێرشەکە بووە هۆی شەهیدبوون و برینداربوونی خەڵکی سڤیل و بێتاوان.
وەزارەتی دەرەوەی عێراق ئاماژەی بەوەش کردووە، لە ڕێگەی نێردەی هەمیشەیی عێراق لە نەتەوە یەکگرتووەکان سکاڵاکەی پێشکەشی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان و سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاسایش کرد، وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە سکاڵاکەیدا هێرشەکەی شەوی دووشەممەی سەر شاری هەولێر بە پێشێلکردنی ئاشکرای سەروەریی خاکی عێراق و ئاسایشهكهی وەسف کردووە.