کوردستان

یەمڕۆ دوا ڕۆژە بۆ سوودمەندبوون لە داشکانی قەرزی کۆنی کارەبا

18-10-2026
یەمڕۆ دوا ڕۆژە بۆ سوودمەندبوون لە داشکانی قەرزی کۆنی کارەبا
قەبارەی نووسین:
A A 21px

وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەمڕۆ یەکشەممە، دوا مۆڵەتە بۆ سوودوەرگرتن لە داشکانی 50%ی قەرزی کارەبای ماڵان و 25%ی پۆلی بازرگانی بەر لە پرۆژەی رووناکی.

بە مەبەستی ئاسانکاری بۆ هاوبەشان، سەرجەم بنکەکانی فرۆشتنی وزە لە بەیانییەوە تاوەکو درەنگانی ئێوارە بەدەم هاووڵاتییانەوە کراوە دەبن، تا ئەو کاتەی هاوبەشێک لە هۆڵەکاندا مابێت. جگە لەوەش، بەشداربووان دەتوانن لە رێگەی سیستەمی ئەلیکترۆنیی (ئی-پسوولە)ـوە تا کاتژمێر 12ـی شەوی یەکشەممە قەرزەکانیان بە داشکاندنەوە بدەنەوە.

وەزارەتی کارەبا دووپاتی کردەوە کە لە دوای تەواوبوونی ئەم وادەیە، هیچ داشکاندنێک نامێنێت و سەرجەم قەرزە کۆنەکانی پێش پڕۆژەی رووناکی بەشێوەیەکی ئۆتۆماتیکی دەکرێنە قیستی مانگانە و هاوشانی کرێی کارەبای بەکارهاتووی مانگانە لە هاووڵاتییان ورەگیرێتەوە.

بە گوێرەی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتی پرۆژەی رووناکی، تاوەکو ئێستا 180 هەزار هاوبەش لە لێخۆشبوونی 50% سوودمەند بوون، هاوکات زیاتر لە 350 ملیار دینار لێخۆشبوون کراوە، و لە ئێستادا 725 هەزار هاوبەش ماون کە قەرزی کۆن بدەنەوە.

 23ـی ئەیلوولی 2026، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بڕیاری دا مۆڵەتێکی دیکە بداتە هاوبەشانی کارەبا بۆ سوودمەندبوون لە داشکاندنی 50%ـی قەرزی کۆنی پێش پڕۆژەی "رووناکی". هەروەها وەزارەتی کارەبا داوا لە هاوڵاتییان دەکات لەم دەرفەتە کۆتاییە سوودمەند ببن.