مەسرور بارزانی: بێڕێزیکردن بە ئاڵای کوردستان ڕیسوا و شەرمەزار دەکەم

پەیامێک لە مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە

بە تووندی هێرشی ئەمڕۆی تاقمێکی لە یاسادەرچوو بۆ سەر بارەگای لقی پێنجی پارتی دیموکراتی کوردستان و سووتاندن و بێ ڕێزی کردن بەرامبەر ئاڵای کوردستان لە بەغدا ، ڕیسوا و شەرمەزار دەکەم .

بێ ڕێزی کردن بەرامبەر پیرۆزترین سیمبولی کوردستان و سووتاندنی و هەڵکوتانە سەر بارەگای حیزبێک، کە زۆرترین قوربانی لە پێناو ڕووخانی رژێمی دیکتاتۆری لە عێراق و دابینکردنی مافە ڕەواکانی گەلی کوردستان داوە ، هێرشێکی ئاشکرایە بۆ سەر بەهاکانی دیموکراسی و بەیەکەوەژیانی ئاشتیانە و ئاشتی کۆمەڵایەتی لە عێراقی فیدراڵدا.

لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ سەرۆک وەزیران بەڕێز مستەفا کازمی ، گفتوگۆمان دەربارەی ئەم پەلامارە کرد و داوام لێکرد کە دەزگا پەیوەندیدارەکان، دەستبەجێ لێکۆڵینەوە بکەن و ڕێوشوێنی یاساییش، بەرامبەر ئەنجامدەرانی ئەم تاوانە بگرنەبەر.

مەسرور بارزانی

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان

2020/10/17

ھەواڵی زیاتر