نێچیرڤان بارزانی: گرووپێكى له‌ياساده‌رچوو لقی پارتییان لە بەغدا سووتاند

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان  رایگەیەنراوێکی لەبارەی سووتاندنی بارەگای لقی5ی پارتی لە بەغدا بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند: گرووپێكى له ‌ياسا ده‌رچوو بارەگای لقی پارتی دیموکراتی کوردستانیان لە شاری بەغدا سووتاند.

دەقی ڕاگەیەنراوەکە

سه‌رله‌به‌يانيى ئه‌مڕۆ گرووپێكى له‌ياساده‌رچوو بارەگای لقی پارتی دیموکراتی کوردستانیان لە شاری بەغدا سووتاند و لە کاتی هێرشەکەدا ئاڵای کوردستان و وێنەی سیمبولەکانی کورد سووتێندراون و ئاڵای حەشدی شەعبی هەڵکراوه‌.

ئێمە ئەو هێرشە شەرمەزار دەکەین و بە کردەوەیەکی ئاژاوەگێڕانەی دادەنێین. هێرش بۆ سه‌ر باره‌گاى حزبێك كه‌ هێزێكى سه‌ره‌كيى ڕووخاندنى دكتاتۆرى بووه‌ له‌ عێراق، هێرشه‌ بۆ سەر مێژووی خەباتی هاوبەشی کورد و هێزە عێراقییە شۆڕشگێڕەکان لەپێناو نەهێشتنی زۆرداری و دیکتاتۆری. هەڕەشه‌يە بۆ سەر  پێکەوەژیانی ئاشتیانە، لەباربردنی ئاشتيی کۆمەڵایەتی و سیاسييه‌ و لەگەڵ بنەماکانی دەستوور و  دیموکراسى و مافەکانی مرۆڤ، ناكۆكه‌.

هێزی پێشمەرگە و حەشدی شەعبی و هێزە چەکدارەکانی عێراق مێژوویەکی تازەی هاوبەشیان لە شەڕی داعشدا تۆمار کرد، ئێمە هیوادارین ئەو هاوبەشییە هاوکارییەکی زیاتری بەدوادابێت لەڕووی سیاسییەوە لەپێناو دەربازکردنی هەموو خەڵکی عێراق لەو بارودۆخە ناخۆشەی تێیکەوتووە.

نابێ هیچ لێدوان و مشتومڕێک لە هیچ بوارێکدا ئەو هاوبەشییە تازەیەی نەتەوە و پێکهاتەکانی عێراقى تازه‌دا تێکبدات، دەبێ هەموو لایەک ئەو هاوخەباتییەی ڕابردوو بەکار بێنین بۆ یارمەتیدانی حکوومەتی فیدرالیی عێراق لەپێناو هێنانەکایەی بەڕێوەبردنێکی باشتر کە لە خزمەت خەڵکی عێراقدا بێت.

داوا لە هەموو لایەک دەکەین بە ئارامی مامەڵە لەگەڵ ئەو ڕووداوە بکەن و دەزگا پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی عێراق لێکۆڵینەوە و لێپێچینەوە یاساییيەکانیان بە شێوەیەکی جددی و خێرا دەستپێ بکەن و تێكده‌ران ڕووبه‌ڕووى ياسا بكرێنه‌وه‌.

نێچیرڤان بارزانی

سەرۆکی هەرێمی کوردستان

17/10/2020

ھەواڵی زیاتر