پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ، گرووپێکی سەر بە حەشدی شەعبی پەیامنێری کەناڵی رووداویان رفاند و تا ئێستاش چارەنووسی نادیارە.
تۆڕی میدیایی رووداو راگەیەنراوێکی لەوبارەوە بڵاوکردووەتەوە و دەڵێ:”رفاندنی پەیامنێر و کامێرامانی رووداو لە بەغدا دەستدرێژییەکی گەورەیە بۆ سەر کاری رۆژنامەڤانی”.
دەقی راگەیەنراوەکەی رووداو
رفاندنی پەیامنێر و کامێرامانی رووداو لە بەغدا دەستدرێژییەکی گەورەیە بۆ سەر کاری رۆژنامەڤانی
کاژێر ۱٠ی ئەمڕۆ ۱۷ی ئوکتۆبەری ۲٠۲٠ ، هێزێکی چەکدار کە خۆیان بە (قوات حفظ النظام) ناساندووە ، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو (هەڵکەوت عەزیز) و کامێرامانی رووداو (خەتاب عەجمی)یان لە بەغدا رفاند لەکاتی رووماڵکردنی سووتاندنی بارەگای پارتی دیموکراتی کوردستان.
لەکاتێکدا بە تووندی ئەو رفاندنەی هەردوو هاوکارمان شەرمەزار دەکەین و داوای ئاشکراکردنی شوێنەکەیان و دەستبەجێ ئازادکردنیان دەکەین، لە هەمانکاتدا ئەو بە دەستدرێژییەکی زۆر گەورە و مەترسیداری دادەنێین بۆ سەر ئازدی و کاری رۆژنامەڤانی لە عێراق .
داوا لە حکومەتی فیدرالیی عێراق دەکەین یەکسەر هەوڵی دۆزینەوە و ئازادکردنی هەردوو هاوکارەکەمان بدەن، چونکە پاراستنی گیان و ئازادی کارکردنیان بەرپرسیارێتی حکومەتە.
تۆڕی میدیایی رووداو
۱۷ی ئوکتۆبەری ۲٠۲٠