عێراق دەبێتە بیابانێکی گەورە- ڕاپۆرت
رێکخراوی جیهانی ئاشتی سەوز (Greenpeace) دەڵێت، گۆڕانکاری کەش و هەوا، کەمبوونەوەی باران لە هەندێ ناوچە و بەرزبوونەوەی پلەی گەرما رەنگە لە ماوەیەکی دوور مەودادا گۆڕانکارییەکی تەواو بەسەر گۆی زەویدا بێنن و سروشتەکەی بگۆڕن.
بە گوێرەی قسەی زانایانی زەویناسی، 13٪ی گۆڕانکارییەکان هۆکاری سروشتین و 87٪یش مرۆیین و بەرپرسیارێتییەکەی دەکەوێتە سەر مرۆڤ. هەڵۆ عەسکەری، سەرۆکی دەستەی ژینگەی هەرێمی کوردستان بە (تۆڕی میدیایی بالکێش)ی راگەیاند، چەند هۆکارێک هەن بۆ گۆڕینی بەرگی زەوی و بە بیابانبوونی خاک، لەوانە بەرزبوونەوەی پلەی گەرما، کەمبوونەوەی باران، کەمبوونەوەی ئاوی سەرزەوی و کەمی سەوزایی.
وڵاتانی عەرەبی بە شێوەیەکی گشتیی و عێراق بەتایبەتی، لەو وڵاتانەن کە هەڕەشەی بە بیابان بوونیان لەسەرە، بەگوێرەی دوایین رووپێو 71٪ی زەوییە بەراوەکانی عێراق وشک هەڵاتوون، هەروەها 13٪ی خاکی بەراوی تورکیا، 7٪ی خاکی بەراوی لوبنان و 17٪ی خاکی بەراوی سووریا تووشی وشک هەڵاتوون بوون.
رێکخراوی جیهانی ئاشتی سەوز دەڵێت: بە بیابان بوون و وشک هەڵاتنی زەوی، هەڕەشەیەکی جیدییە لەسەر ژیانی کۆمەڵگە و ئابووری و بژێوی خەڵک، چونکە زەوییە کشتوکاڵیەکان لەنێو دەبات.
هۆکارەکانی بە بیابان بوونی عێراق؛
هەڵۆ عەسکەری، سەرۆکی دەستەی ژینگەی هەرێمی کوردستان دەڵێت: جگە لە هۆکاری سروشتی و مرۆیی، عێراق بە هۆکاری سیاسیش زیان بەر خاکەکەی کەوتووە، چونکە سەرچاوەی ئاوی سەرزەوی عێراق، ئێران و تورکیا و سووریان.
بە گوتەی هەڵۆ عەسکەری، هۆکارەکانی بە بیابانبوونی عێراق بۆ ئەم خاڵانە دەگەڕێتەوە؛
1. کەمبوونەوەی ئاوی سەرزەوی و گرتنەوەی سەرچاوەکانی ئاو لەلایەن ئێران، تورکیا و سووریا، بەتایبەت دیجلە و فورات.
2. کەمبوونەوەی رێژەی باران بارین، بەجۆرێک کە دوو دەیە لەمەوبەر لە ساڵیکدا 600 – 1300ملم باران دەباری، بەڵام ئێستا لە تەڕترین ساڵدا دەگاتە 600ملم.
3. چۆڵکردنی گوندەکان و بارکردنی خەڵک بۆ شار.
4. سەرکەوتنی خوێ بەهۆی پلەی گەرما و وشکەساڵییەوە، کە وا لە زەوی دەکات بە کەڵکی کشتوکاڵ نەیەت.
5. کەمبوونەوەی سەوزایی.
6. بەرزبوونەوەی پلەی گەرما، کە بەراورد بە 10 ساڵی رابردوو 1بۆ1.5 پلەی گەرمان بەرزبووەتەوە.
رێکخراوی FAW، تایبەت بە خۆراک و کشتوکاڵی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاندووە، لە کۆی 12 ملیۆن هێکتار زەوی کشتوکاڵی لە عێراق، ئێستا نزیکەی 3 تاوەکو 4 ملیۆن هیکتار بە کەڵکی کشتوکاڵ دەبێت، ئەوەش بەهۆی بەرزبوونی ئاستی خوێ و بەبیابانبوونی زەوییە کشتوکاڵیەکانەوەیە.
عەلی بەدیری، ئەندامی لیژنەی کشتوکاڵ لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت: بەرزبوونەوەی پلەی گەرما و گۆڕانی زەوی هەڕەشە لە عێراق دەکات، پێویستە حکومەت میکانیزمی پێویست بۆ چارەسەرکردنی ئەو دیاردەیە بگرێتە بەر و رێگە لە زیاتر تەشەنەکردنی بگرێت، ئەمەش بە پێشکەشکردنی پرۆژەی کشتوکاڵی و ئاژەڵداری دەبێت.
ئەو پەرلەمانتارەی عێراق کە لە فراکسیۆنی رەوتی حیکمەیە ئاماژە بەوە دەکات، هەندێ لە هۆزە عەشایەرەکان دەستیان بەسەر زەوییەکی زۆردا گرتووە، نە زەوییەکە بەکاردێنن و نە رێگە بە کەسی تر دەدەن بەکاری بهێنێت، ئەمەش وا دەکات سەرەڕای بێ سوودبوونی زەوییەکە مەترسی وشک هەڵاتنیش زیاتر ببێت.
شەڕی ئاو؛ گرتنەوەی دیجلە و فورات
گرتنەوەی رووبار و دەریاچەکان پێشێلکردنی یاسای نێودەوڵەتییە، تورکیا دەیان بەنداوی لەسەر دیجلە و فورات دروستکردووە، گەورەترینیان بەنداوەکانی ئیلیسۆ لەسەر رووباری دیجلە و ئەتاتورک لەسەر رووباری فوراتن. کە سەرجەمی ئاوی گلدراوەی بەنداوەکان زیاتر لە 650 ملیار مەتر سێجا دەبێت.
بە گوێرەی رێککەوتنی ساڵی 1987ی نێوان تورکیا و سووریا، دەبێ تورکیا رێگەبدات لە یەک چرکەدا بڕی 500 مەتر سێجا لە ئاوی فورات بچێتە سووریا، هەروەها لە ساڵی 1989دا، حکومەتی سووریا لەگەڵ عێراق رێککەوتنێکی ئیمزاکرد کە بە گوێرەی ئەو رێککەوتنە دەبێ عێراق لە رووباری فورات لە 58٪ پێبدرێت، واتە زیاتر لە 9 ملیار مەتر سێجا لە ساڵێکدا و بەشی سووریاش لە 42٪، کە دەکاتە نزیکەی 6 ملیار و 700 ملیۆن مەترسێجا لە ساڵێکدا و بەشی تورکیاش 15 ملیار و 700 ملیۆن مەترسێجا.
تورکیا تا ئێستاش دانی بەوەدا نەناوە کە دیجلە و فورات دوو رووباری نێودەوڵەتی و کیشوەربڕن، بۆیە هەر مامەڵەیەک لەگەڵ ئەو دوو رووبارە بە مافێکی شەرعی خۆی دەزانێت. بۆ پڕکردنەوەی بەنداوی ئیلیسۆن دەبێ 3 ساڵ ئاو لە دیجلەوە ببات، ئەوەش بە مانای ئەوە دێت تورکیا نزیکەی لە 48٪ی ئاوی رووبارەکە گل بداتەوە، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی کە 60٪ی پشکی ئاوی عێراق کەمبێتەوە کە بەشە ئاوەکەی لە 20ملیارەوە بۆ 9.7 ملیار کەم دەکات.
پلانی هەرێمی کوردستان بۆ رێگریکردن لە بە بیابان بوون
هەڵۆ عەسکەری، سەرۆکی دەستەی ژینگەی هەرێمی کوردستان ئاماژە بەوە دەکات، هەڕەشەی بە بیابان بوون لەسەر خاکی هەرێمی کوردستانیش هەیە، بەتایبەت سنووری نەینەوا و کەکووک، بۆیە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان رەزامەندی لەسەر دروستکردنی دوو دارستانی دەستکرد لە سنووری دەشتی نەینەوا و مەخموور داوە، بۆ ئەوەی پشتێنەیەکی سەوز بۆ هەرێمی کوردستان دروست ببێت. لەبارەی دەستبەکاربوونی پرۆژەکەش وتی: چاوەڕوانی کۆتایی هاتنی کۆرۆنا و باشتر بوونی دۆخی دارایی و ئابووری کوردستان دەکەین.
بۆ پاراستنی ژینگە ساڵانە كۆڕو كۆبوونەوەی جیاجیا لە وڵاتاندا دەکرێت، وڵاتێک هەڵدەبژێردرێت بۆ ئەوەی میوانداری وڵاتانی تر بکات و مەترسییەکانی گۆڕینی ژینگە و بە بیابان بوونی تێدا دەخرێتە روو.
لە ساڵی 2019دا کۆبوونەوەی وڵاتان بە ناونیشانی (با بەیەکەوە گەشە بە داهاتوومان بدەین) بەڕێوەچوو، کە تێیدا جەخت لە هەڵمەتی بەرەنگاربوونەوەی بەبیابان بووندا کرایەوە و تەوەری گفتوگۆکان ئەم خاڵانە بوون.
1- زەوی و وشكەساڵی؛ بۆ ساڵی 2035 وا خەمڵێنراوە 1.8 ملیار كەس بە هۆی كەم ئاوییەوە بناڵێنن.
2- زەوی و ژینگە؛ گێڕانەوەی خاكی سیستمی ژینگەیی داهێزراو، دەتوانێت ساڵانە نزیكەی 3ملیار تۆن لە كاربۆن هەڵبگیرێت، كە دەکاتە نزیكەی 25٪ بەكارهێنانی زەوییەكان.
3- زەوی و ئاسایشی مرۆڤ؛ ساڵی 2045، نزیكەی 135 ملیۆن كەس كۆچ دەكەن.
بەبیابان بوون چوار قۆناغی هەیە
1- بەبیابان بوونی لاواز
2- بەبیابان بوونی مامناوەند
3- بەبیابان بوونی بەهێز
4- بەبیابان بوونی خێرا و بەهێز