لیژنەی دارایی و کاروباری ئابووری پەرلەمانی کوردستان لەگەڵ ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر دۆخی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان کۆبوونەوە و چەند پرسیارێکیان ئاراستە کرد، لەوانە، وادەی دابەشکردنی مووچە و گەیشتنی 320 ملیار دینارەکە.
لەبارەی کاتی دابەشکردنی مووچە ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی بە لیژنەکەی وتووە “رێککەوتنی نووسراو لەنێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراقدا هەیە کە بۆ مانگەکانی 8،9،10 بۆ هەر مانگێک 320 ملیار دینار بداتە هەرێمی کوردستان بۆ مووچە. هەر کاتێک بەغدا 320 ملیار دینارەکە بنێرێت ئەوەی هەرێمی کوردستان 413 ملیار دینارە ئامادەیە و یەکسەر دەست بە دابەشکردنی دەکرێت”.
ئاوات شێخ جەناب لەبارەی چارەنووسی پاشەکەوتی مووچەی 5 مانگی کردووە و توویەتی” حکومەتی عێراق بە هەولێری گوتووە، دەبێ رێکخستنەوە بکەن لە پێدانی مووچە بە شێوەیەک لەگەڵ مووچەی عێراق بێت، واتە عێراق ئێستا مووچەی مانگی 9 دەدات دەبێ هەرێمیش مووچەی مانگی 9 بدات. لێرە کێشەیەک هەیە کە ئێمە دەبێ مووچەی مانگی چوار بدەین. بۆیە لە دوایین کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاردرا، چارەسەری بابەتی ئەو مانگانە بکرێت کە مووچەی تێیدا نەدراوە، مووچەی سێ مانگی کابینەی پێشتر کە لە 2015ەوە بۆ ئێمە ماوە چارەسەر بکرێ و بکرێتە پاشەکەوت. هەروەها لە کابینەی 9یەم دوو مووچە قەرزارین، عێراق مووچەی مانگی 5،6 و7ی نەناردووە واتە بۆ هەر مانگێک 320 ملیار دینار قەرزە لە سەر عێراق، هەر کاتێ عێراق قەرزی ئەو سێ مانگەی دا، کاک مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان گوتوویەتی، ئێمە لەسەر ئەو سێ مانگە تەواو دەکەین و مووچەی ئەو دوو مانگە دەدەین کە کابینەی 9یەم قەرزاری مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانە. واتە لە 2020 عێراق 3 مووچەی نەناردووە و حکومەتی هەرێمی کوردستان 2 مووچەی قەرزارە”.
لەبارەی گەرەنتی ناردنی 320 ملیار دیناری مانگانە لەلایەن بەغداوە ئاوات شێخ جەناب وتویەتی” لەگەڵ حکومەتی عێراق رێککەوتنی نووسراو هەیە، کە بۆ مانگەکانی 8و9و10 بۆ هەر مانگێک 320 ملیار دینار بۆ هەرێمی کوردستان بنێرێ لەگەڵ ئەو داهاتەی کە حکومەتی هەرێمی کوردستان دابینی دەکات مووچەی مووچەخۆران دابەش دەکەن. بۆ مانگی 11 و 12ش پێدەچێت لەسەر هەمان شت بەغدا پارە رەوانە بکات و ئەمە دەمێنێتەوە سەر ئەو گفتوگۆیانە لەگەڵ بەغدا دەیکەن.
هیچ گەرەنتییەک لە عێراق نییە کە پابەندبێت بەرامبەر هەرێمی کوردستان
وەزیری دارایی ئاماژەی بەوەشکردووە” هیچ گەرەنتییەک نییە کە عێراق پابەندبێت بەرامبەر هەرێمی کوردستان. بە بەغدامان وتووە “ئەگەر نەوت و غازمان نەبووبا وەک پارێزگاکانی تری عێراق کە نەوتیان نییە و مووچەی ئەوان دەدەن، دەبێ لانیکەم وەک ئەو پارێزگایانە مووچەی خەڵکی هەرێمی کوردستانیش بدرێت، بەڵام ئەوان پێیان وتین ئەوە گرفتی خۆتانە”، بە گوێرەی راپۆرتی وەزارەتی بازرگانی و پلاندانانی عێراقیش بێت، هەرێمی کوردستان 14٪ی عێراقە، کەچی هیچ جارێ 5 بۆ6٪ زیاتر لە بودجەی عێراق بۆ هەرێمی کوردستان نەهاتووە”.