دیبەیتە مێژووییەکەی نێوان ترەمپ و بایدن کۆتاییهات و هەردوو کاندید چەندین تۆمەتیان دایە پاڵ یەکدی. دۆناڵد ترەمپ، بەربژێری کۆمارییەکان لە ڕووبەڕووبوونەوەکەیدا بە بایدنی وت” هیچ رەفتارێکی ژیرانەم لەتۆ بەدی نەکردووە و لە 47 ساڵی ڕابردوودا هیچت نەکردووە شایانی باسبێ” لە بەرامبەریشدا بایدن بە ترەمپی وت” لەژێر دەسەڵاتی تۆ ئێمە لاوازبووین، نەخۆشتر و هەژارتربووین و زیاتریش دابەشبووین”.
لە دیبەیتەکەدا بایدن وتیشی” کاتێک من جێگری سەرۆک بووم، قەیرانێکی ئابووریم بۆ بەجێمابوو و داوام لێکرا چارەسەری بکەم و کردیشم”.
لەبارەی ڤیلادیمێر پۆتینی سەرۆکی ڕوسیاش بایدن وتی” من ڕووبەڕووی پۆتین وەستاومەوتەوە و بە ئاشکرا وتوومە ناهێڵین کاریگەری بەسەرمانەوە هەبێت. بەڵام ترەمپ ئەو بوکەڵەی یاری دەستی پۆتینە. ترەمپ ئامادەنییە هیچ شتێک لەسەر پۆتین بڵێت کە گرەوی لەسەر گیانی سەربازانی ئەمریکی کردووە”.
لەبارەی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا و ڕیگەچارەکانیش، بایدن دەستی تۆمەتی بۆ ترەمپ درێژکرد، بەڵام ترەمپ لە وەڵامدا وتی” ئەگەر گوێمان بۆتۆ بگرتبا ملیۆنان خەڵک دەمردن، ئێمە مردنی یەک کەسمان بەلاوە زۆرە، ئەمەی ئێستاش روودەدا هەڵەی چینە، نەدەبوو ڕێگە بەمە بدرێت، ئەگەر قسەش لەسەر ئامار بکەی تۆ نازانی چەند کەس لە ئەمریکا مردن، تۆ نازانی چەند کەس لە رووسیا مردوون، نازانی چەند خەڵک لە هیندستان مردوون، بۆ زانیاریت ئەوان ئاماری راستت پێناڵێن”.