نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتیی ئەوروپا بەشداریی لە کۆبوونەوەی فەرمی یەکێتیی ئەروروپا کرد کە تایبەت بوو بە سندووقی هاوکاری یەکێتی ئەوروپا تایبەت بە پەنابەرانی سووریا.
د. دلاوەر ئاژگەیی، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتی ئەوروپا لە راگەیەنراوێکدا کە وێنەیەکی بۆ تۆڕی میدیایی باڵکێش ناردووە رایگەیاند، ئەمرۆ سێشەممە 22.9.2020 وەکو نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان بەشداربووین لە کۆبوونەوەی یەکێتی ئەوروپا کە لە لایەن ناوەندی قەیرانی یەکێتی ئەوروپا رێکخرابوو و تایبەت بوو بە پەنابەرانی سووریا لە وڵاتانی دراوسێ.
دلاوەر ئاژگەیی وتی” لە کۆبوونەوەکەدا باڵیۆزی وڵاتانی دراوسێی سووریا، وڵاتانی ئەندام لە یەکێتی ئەوروپا، نوێنەری پەرلەمانی ئەوروپا و ئۆفیسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا بەشداربوون و لە رێگەی ڤیدیۆکۆنفرانس بەرێوەچوو، بەناوی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە سوپاسی ولاتانی ئەندام و کۆمیسیۆنی یەکێتی ئەوروپام کرد بۆ هاوکاریکردنی پەنابەرانی سووری لە هەرێمی کوردستان لە رێگەی رێکخراوەکانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان و وڵاتانەوە داوای بەردەوامی پرۆگرامەکانی یەکێتی ئەوروپام کرد لە هەرێمی کوردستان، بە تایبەتی لەم بارودۆخە سەختەی کە بۆ هۆی قەیرانی کۆرۆنا و ئابووریی رووی لە هەرێمی کوردستان کردووە لە کاتێکدا کە هەرێمی کوردستان میوانداری ژمارەکی زۆر لە پەنابەر و ئاوارەی کردووە. ئاماژەی بەوەشکرد، لەو کۆبوونەوەدا وڵاتانی ئەندام لە یەکێتی ئەوروپا بریاریاندا پرۆگرامی هاوکاریکردنی پەنابەرانی سووری لە وڵاتانی دراوسێی سووریا تاوەکو ساڵێکی دیکە درێژ بکەنەوە.