مافی مرۆڤی عێراق: خێزانە کوردەکە سەرنەبڕاون

ئەندامێکی کۆمیسیۆنی مافی مرۆڤی عێراق ڕایگەیاند، ئەو خێزانە کوردەی کە لە بەغدا کوژران، سەرنەبڕدراون و بەنیازیشبوون بەیەکجاری بگەڕێنەوە هەرێمی کوردستان.

شەوی رابردوو لەنێو باڵەخانەیەکی گەڕەکی مەنسوور لە بەغدا چەند چەکدارێک هەڵیانکوتایە سەر ماڵێکی کورد و دایک و باوک و کچێکیان کوشت.

رووداوەکە کاتژمێر 11:00ی شەوی رابردوو روویداوە و چەکدارەکانیش بە ناوی هێزی ئەمنی چووەنەتەسەر ماڵەکە و دواتر هەرسێ ئەندامانی خێزانەکەیان کوشتووە.

هێمن باجەلان، ئەندامی کۆمیسیۆنی مافی مرۆڤی عێراق بە تۆڕی میدیایی باڵکێشی راگەیاند، لەگەڵ بەڕێوەبەری پزیشیکی دادی بەغدا قسەیکردووە و روونبووەتەوە کە رووداوەکە بەو جۆرە نەبووە کە لە هەندێ میدیا بڵاوکراوەتەوە و وتی”گرووپێکی چوارکەسی بە چەک و چەقۆ هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵە کوردەکە و کچەکەیان خنکاندووە و دایک و باوکەکەشیان بە چەقۆ کوشتووە، بەڵام سەرنەبڕاون و هیچ بەشێکی جەستەشیان لێنەکراوەتەوە”.

وتیشی”بەهیچ جۆرێکیش دەستدرێژی نەکراوەتە سەر کچەکە”.

هێمن باجەلان ئاماژەی بەوەکرد” خێزانەکە بەتەمابوون بەیەکجاری بگەڕێنەوە بۆ هەرێمی کوردستان و کچەکەیان کە دەرمانسازە، دەرمانخانەکەی فرۆشتووە و باوکیشی خانووەکەی فرۆشتووە”.

 ئەمڕۆ چوارشەممە 2020/9/15، دەزگای هەواڵگریی عێراقی رایگەیاند، دوو کەسیان بە تۆمەتی کوشتنی ئەو خێزانە کوردە دەستگیر کردووە.

ئاماژە بەوەشکراوە، بکوژەکان لە گەڕەکی زڕاعەی ناوچەی بەلەدیات لە بەغدا دەستگیر کراون و دانیان بە تاوانەکەدا ناوە.

ھەواڵی زیاتر