قادر حەمەجان: ئەو گۆڕستانەی دراوە بە کۆمپانیا موڵکی شارەوانییە

سەرۆکی پێشووتری شارەوانی سلێمانی دەڵێ: ئەوگۆڕستانە کە ئێستا دراوە بەکۆمپانیایەک بەگرێبەست  موڵکی شارەوانییە تەواوی موڵکەکەمان کڕیوە  لەبەر نەبوونی گۆڕستان و شوێنی  بەخاک سپاردنی مردوو لەسەر سەرۆکایەتی شارەوانی سلێمانی تۆمارە.

حاکم قادر حەمەجان، ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی یەکێتی نیشتمانی کوردستان و سەرۆکی پێشووتری شارەوانی سلێمانی لە راگەیەنراوێکدا نووسیویەتی” لەسەر ئەرکی شارەوانی سلێمانی سیاجی گۆڕستانەکە لە کۆتایی ساڵی ٢٠٠٦ تەواو کراوە و بەپێی ( یاسای بەڕێوەبەرایەتی شارەوانیەکان) شارەوانی خۆی بەرپرسە و ئەرکیەتی خەڵکی ھەژار و نەدار کە مردوویان لێ بمرێ، خۆی ھەڵسێ بە بەخاکسپاردنی بەبێ بەرامبەر نەک پارەیان لێوەربگیرێت”.

شارەوانیی سلێمانى کاروبارى گۆڕستانەکانى دایە کۆمپانیایەکى کەرتى تایبەت، بۆ لەمەولا گۆڕستانەکانى پێشوو بەهۆى نەمانى جێگەوە مردوویان تێدا بەخاکناسپێردرێت و دەبرێنە گۆڕستانى نوێى سلێمانى کە لە گەڕەکى قڕگەى باشوورى شارەکەیە، شوێنێک کە حەوت ساڵە بۆ ئەو مەبەستە دابینکراوە.

بۆ هەر گۆڕێک 110 هەزار دینار لە خاوەن مردوو وەردەگیرێت، بۆ هەڵکەندنى گۆڕ 200 هەزار و بۆ هەڵبەستنى گۆڕیش بەپێى خواست و داواکاریی خەڵکە، کە لە 300 هەزار دینارەوە دەستپێدەکات تاوەکو یەک ملیۆن دینار و زیاتریش.

دەقی نامەکەی حاکم قادر حەمەجان

بۆ / سەرۆک و ئەنجومەنی شارەوانی سلێمانی

بەخاک سپاردنی مردوو لە گۆرستانی سلێمانی

١ – ئەوگۆڕستانە کە ئێستا دراوە بەکۆمپانیایەک بەگرێبەست  موڵکی شارەوانییە تەواوی موڵکەکەمان کڕیوە  لەبەر نەبوونی گۆڕستان و شوێنی  بەخاک سپاردنی مردوو لەسەر سەرۆکایەتی شارەوانی سلێمانی تۆمارە. بەمەبەستی ھاوکاری و یارمەتی خەڵکی شار لەکاتی لەدەست دانی ئەزیزێک لە ئەزیزو خۆشەویستەکانیان.

٢ –لەسەر ئەرکی شارەوانی سلێمانی سیاجی گۆڕستانەکە لە کۆتایی ساڵی ٢٠٠٦ تەواو کراوە.

٣ – بەپێی ( یاسای بەڕێوەبەرایەتی شارەوانیەکان) شارەوانی خۆی بەرپرسە و ئەرکیەتی خەڵکی ھەژار و نەدار کەمردوویان لێ بمرێ ، خۆی ھەڵسێ بە خاک سپاردنی بەبێ بەرامبەر نەک پارەیان لێوەربگیرێت

موڵکەکە و سیاجی گۆڕستانەکەش لەسەردەمی ئێمە دروستکراوە دەیان دۆنم و زەوی مان کڕیوە بۆ دروستکردنی گۆڕستان و کرا بەموڵکی شارەوانی .

داواکارین مردووش بەپارە بەخاک نەسپێرێت کە ئەمە عورف و عادات و تەقالیدی شارەکەمان بووە .

لەبەر ئەوەی ئەو موڵکە وەک موڵکی گشتی مامەڵەی لەگەڵ ئەکرێ بۆ بەرژەوەندی گشتی یە . ئەو گرێبەستەی کردووتانە بۆ بەخاک سپاردنی مردوو ھەڵبوەشێنرێتەوە. چونکە لەگەڵ بەرژەوەندی خەڵکی ھەژار و نەداری شاری سلێمانی و دەوروبەری  یەک ناگرێتەوە . 

پێویستە حوکمەت و شارەوانی لەخزمەتی خەڵک دابن نەک بارگرانی زیاتر بکرێت بەتایبەت لەم کاتی قەیرانی دارایی یەدا .

حاکم قادر حەمەجان

سەرۆکی شارەوانی پێشوو

٢٠٢٠/٩/٥

ھەواڵی زیاتر