لە هەولێر دەست بەسەر ١٢ تۆن ماکەرۆنی و خواردنەوەی وزەبەخش دا گیرا

بەڕێوەبەرایەتی چاودێری بازرگانی هەولێر رایگەیاند، کە دەستیان بەسەر ١٢ تۆن ماکەرۆنی و خواردنەوەی وزەبەخشدا گرتووە و لەناو براون.

هێمن سەید موراد، بەڕێوەبەری چاودێری بازرگانی هەولێر، لە ڕاگەینراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە: “بەڕێوەبەرایەتییەکەیان بە هەماهەنگی لەگەڵ ژووری ئابووری ئاسایشی هەولێر، توانیویانە ده‌ست به‌سه‌ر بڕی ١٢ تۆن ماکەرۆنی و خواردنەوەی وزە بەخش دا بگرن و لە زبڵخانەی کانی قرژاڵه لە ناویان ببەن.

ڕۆژانە تیمەکانی چاودێری بازرگانی و بازاڕ، دەست بەسەر بڕێکی زۆر لە خواردن و خواردنەوەی ماوە بەسەرچوودا دەگرن و ئەوەش بووەتە هۆی پرسیار و گومان لەلای بەشێک لە هاوڵاتیان.

بەشێک لە هاوڵاتیانی هەرێم دەڵێن: “بەهۆی ئەوەی بڕێکی زۆر لەو خواردن و خواردەمەنیانەی دەستیان بەسەردا دەگیرێت، رێککەوتی نوێیان بەسەرەوەیه‌، کەواتە بۆچی و لە پێناو چی هەر لە سەرەتاوە و لە دەروازە سنورییەکانەوە ڕێگە بە هێنانیان دەدرێت”.

ھەواڵی زیاتر