ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا گەیشتە بەغدا و بڕیارە لەگەڵ سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق و سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆببێتەوە.
دوای ئەوەی ماکرۆن بڕیاریدا سەردانی عێراق بکات، ئەمڕۆ چوارشەممە 2ی ئەیلوولی 2020 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان گەیشتە بەغدا و لەگەڵ ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا کۆدەبێتەوە.
کۆبوونەوەکە لەسەر داوای ئیمانوێل ماکرۆن بووە و دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە بەڕێوەدەچێت، ماکرۆن چەند کاتژمێرێک لە عێراق دەمێنێتەوە. بابەتی کۆبوونەوەکانی لەگەڵ مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و بەرپرسانی دیکەی عێراقی پرسی سەروەریی خاکی عێراق دەبێت، کە چاوەڕێ دەکرێت گفتوگۆ لەسەر کێشەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران لەنێو خاکی عێراق و سنووربەزاندنی سوپای تورکیا بێت کە بەم دواییانە چەند جارێک بۆردوومانی ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستانی کردووە.
بەپێی راگەیەنراوێکی کۆشکی کۆماری، یەکەم کۆبوونەوەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ سەرۆککۆماری عێراق دەبێت، دواتر چاوی بە مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دەکەوێت.