ئەندامێکی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی رایگەیاند، لە گەرمیان ڕۆژانە نزیکەی 50 هەزار بەرمیل نەوت دەردەهێنرێت، بەڵام تا ئێستا داهاتەکەی خزمەتی گەرمیانی پێ نەکراوە.
کەریم عەلی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی لە فراکسیۆنی بزووتنەوەی گۆڕان بە تۆڕی میدیایی باڵکێشی ڕاگەیاند، گەرمیان ڕۆژانە نزیکەی ٥٠ هەزار بەرمیل نەوتی لێدەردەهێنرێت تا ئێستا داهاتەکەی خزمەتی گەرمیانی پێنەکراوەو دانیشتووانی گەرمیان تەنها دوکەڵەکەی دەبینن و تەنانەت ئەو بڕە پارەیەی بەپێی یاسای ژمارە ( ٢ ) ساڵی ٢٠١٥ سندووقی داهاتە نەوتی و گازییەکان کە بە پترۆدۆلار ناسراوە سەرف نەکراوە بۆ ناوچەکە، کە بۆ هەربەرمیلێک نەوت بڕی دوو دۆلار دانراوە ئایە چی هەوڵێکی جدی درا بۆ دابینکردنی پشکی گەرمیان لە سامانی ژێر زەوییەکەی بۆ بوژاندنەوەی ناوچەکە .
کەریم عەلی وتی” هەزاران دۆنم زەوی گرانبەهای قەزای کەلار بەناوی پرۆژەی نیشتەجێبون و وەبەرهێنانەوە دراون بەکەس و کۆمپانیاکان و داهاتێکی زەبەلاحیان لێ دەستدەکەوێت و نزیکەی ( ١٠ هەزار ) یەکەی نیشتەجێبوون دروست دەکرێت تا ئێستا هیچ کەمدەرامەتێک سوودمەند نەبووە و بەنرخێک دەدرێت بە خەڵك کە بۆ دەیان ساڵی دیکە دەبێت قەرزاری ئەو کۆمپانیاو کەسانە بن، هەروەها زیاد لە ٤٠ گوندی گەرمیان بێ کارەبایە ئەمەش لەکاتێکدا ئەو گوندانە لانکەی شۆڕش بوون و خاوەنی چەندین شەهید و ئەنفالکراون ئایە بۆ هەوڵنەدرا کارەبا بگەیەندرێت بە دانیشتوانی ئەو گوندانە و لە ئێستادا شەوانە بەتاریکی ژیان بەڕێدەکەن.
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی زیاتر دەڵێ” دەروازەی پەروێزخان لە سنووری گەرمیاندایە و بەپێی وتەی بەرپرسانی دەروازەکە داهاتی مانگانەی نزیکەی ( ٢٥ ملیار ) دینارە، کەچی هیچ بڕە پارەیەکی بۆ خزمەتکردنی گەرمیان سەرف ناکرێت ، بەهەزاران گەنجی بێکار لەگەرمیاندا هەن و چی کارێک کرا بۆ بەکارخستنیان و دابینکردنی بژێوی ژیانیان؟
کەریم عەلی نموونەی بە رووباری سیروان دەهێنێتەوە کە تا ئێستا نەتوانراوە سوودی بۆ گەرمیانییەکان لێ وەربگیرێت و دەڵێ” ڕووباری سیروان بەگەرمیاندا تێدەپەڕێت دەکرا گرنگی پێبدرێت و ئێستا قەزای کەلاربەهۆی ئەو ڕووبارەوە یەکێک بوایە لەناوچە گەشتیاری و کشتوکاڵیە گرنگەکان . بەڵام نەک سوودی لێنەبینرا بەڵکو تێکیشدراوەو دیمەنە سروشتیە جوانەکەیشی ووردەووردە لەدەست دەدات پێویستە بپرسین چی کرا بۆ سوود وەرگرتن لەو ڕووبارە بەتایبەتی بۆ پرۆژەی کشتوکاڵی و گەشتوگوزاری ، بۆیە بە وردبوونەوەمان لە ڕەنج و ماندوبوون و خەبات و بەرخودانی گەرمیانیەکان و ئەو خاڵانەی سەرەوەو چەندین بواری دیکە وەکو نوێنەرێکی خەڵکی بەشمەینەتی گەرمیان دەڵێم هیچمان پێ مەفرۆشنەوە” .