سعوودیە پەیماننامەی بەرگریی هاوبەش لەگەڵ پاکستان کارا دەکات

لەگەڵ هەڵکشانی گرژییە سەربازییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و زیادبوونی مەترسییەکانی داخستنی گەرووی هورمز، شانشینی عەرەبیی سعوودیە تاوتوێی کاراکردنی پەیماننامەی بەرگریی هاوبەش لەگەڵ پاکستان دەکات. 

ئەم هەنگاوەی ڕیاز وەک ستراتیژییەک بۆ سوودوەرگرتن لە “چەتری ئەتۆمی” ئیسلامئاباد و بەدەستهێنانی پشتیوانیی سەربازی دەبینرێت لە ئەگەری هەر هێرشێکی فراوانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ سەر خاکەکەی.

لەکاتێکدا هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران بەردەوامییان هەیە، تاران وەک کاردانەوە و تۆڵەکردنەوە پەنای بۆ بۆردوومانکردنی وڵاتانی کەنداو بردووە، کە سعوودیە یەکێکە لە ئامانجە سەرەکییەکان.

لەم بارەیەوە، سەلمان ئەلئەنساڕی، توێژەری جیۆپۆلیتیکیی سعوودی، بە میدیاکانی ڕاگەیاندووە کە ئەگەر سعوودیە بە تەواوی توانایەوە بچێتە ناو جەنگەکەوە، ئێران زیانمەندی یەکەم دەبێت. 

ناوبراو ئاماژەی بەوەش کردووە کە ڕیاز پەیماننامەی بەرگریی ساڵی ڕابردووی لەگەڵ پاکستان کارا دەکات، کە بنەماکەی هاوشێوەی “ماددەی 5ـی ناتۆیە”؛ بەو مانایەی هەر هێرشێک بۆ سەر یەکێک لەو دوو وڵاتە، بە هێرش بۆ سەر هەردووکیان هەژمار دەکرێت.

پێشتر چەندین جار خاکی سعوودیە، لەوانە باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە ڕیاز، بنکەی ئاسمانیی شازادە سوڵتان و دامەزراوە نەوتییەکان، ڕووبەڕووی هێرشی مووشەکی و درۆنی ئێران بوونەتەوە. بۆ کەمکردنەوەی مەترسییەکان لە گەرووی هورمز، سعوودیە هەناردەی نەوتی خۆی بۆ ڕێڕەوی “ڕۆژهەڵات-ڕۆژئاوا” گواستووەتەوە، ئەمەش بووەتە هۆی دابەزینی ئاستی هەناردەکردن لە 7 ملیۆن بەرمیلەوە بۆ نزیکەی 4 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا.

پاکستان کە وەک هاوپەیمانێکی ستراتیژیی سعوودیە دەناسرێت، تا ئێستا هەوڵداوە ڕۆڵی نێوەندگیری بگێڕێت. لە دیدارێکی نێوان ئیسحاق دار، وەزیری دەرەوەی پاکستان و عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، لایەنی ئێرانی داوای دڵنیایی کردووە کە خاکی سعوودیە بۆ هێرشکردنە سەر تاران بەکار نەهێنرێت.

پاکستان لە ئێستادا لە بەردەم هاوکێشەیەکی ئاڵۆزدایە؛ لە لایەکەوە بۆ دابینکردنی وزە پشت بە کەنداو دەبەستێت و لە لایەکی تریشەوە دەیەوێت پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئێران بپارێزێت. تێپەڕبوونی کەشتیی “کەراچی” بە ئاڵای پاکستانەوە لە گەرووی هورمز لەم هەفتەیەدا، وەک نیشانەیەک بۆ بەردەوامیی دیپلۆماسییەتی ئیسلامئاباد لە پاراستنی ئاسایشی دەریاوانی لێکدەدرێتەوە.

سەرەڕای ئەوەی وڵاتانی کەنداو داوایان لە دۆناڵد ترەمپ کردووە ڕێگری بکات لە ڕاکێشانیان بۆ ناو شەڕێکی ڕاستەوخۆ، بەڵام هەوڵەکانی ڕیاز بۆ چالاککردنی پەیمانی بەرگری لەگەڵ پاکستان دەیسەلمێنێت کە سعوودیە خۆی بۆ هەموو ئەگەرەکان ئامادە کردووە و بێدەنگ نابێت لە بەرانبەر هەر هێرشێکی تاران بۆ سەر سەروەریی خاکەکەی.

ھەواڵی زیاتر