عێراق ئەو هاووڵاتیانە دەگەڕێنێتەوە کە لە دەرەوەی وڵات گیریان خواردووە؛ تێچووی گەڕانەوەکە لەسەر خەڵکە
لەگەڵ بەردەوامیی داخستنی ئاسمانی عێراق بەهۆی جەنگی نێوان ئەمریکا-ئیسرائیل و ئێران، حکومەتی عێراق پلانێک بۆ گەڕاندنەوەی ئەو هاووڵاتیانە جێبەجێ دەکات کە لە دەرەوەی وڵات گیریان خواردووە. بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە، یەکەم هەنگاوی ئەم پلانە بە گەشتێکی هێڵی ئاسمانیی عێراقی بۆ قاهیرە دەستیپێکرد.
وردەکاریی گەشتەکان و گواستنەوەی وشکانی
مەیسەم سافی، وتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق ڕایگەیاند، فڕۆکەیەکی هێڵی ئاسمانیی عێراقی لە ئەنقەرەوە گەیشتووەتە فڕۆکەخانەی قاهیرە بۆ گواستنەوەی ئەو عێراقییانەی لە میسر ماونەتەوە. بەپێی پلانەکە، ئەم هاووڵاتییانە ڕاستەوخۆ ناگەڕێنرێنەوە عێراق، بەڵکو دەگوازرێنەوە بۆ فڕۆکەخانەی عەرعەر لە عەرەبستانی سعوودی، لەوێشەوە بە ڕێگەی وشکانی و لە ڕێگەی دەروازەی سنووریی عەرعەرەوە دەگوازرێنەوە بۆ ناوخۆی عێراق.
گوتەبێژی وەزارەتەکە ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم پرۆسەیە لەلایەن شانەی قەیرانەکانەوە سەرپەرشتی دەکرێت، لەم قۆناغەدا 6گەشتی ئاسمانی دەستنیشانکراون:
دوو گەشت بۆ گواستنەوەی هاووڵاتییان لە قاهیرەی پایتەختی میسرەوە.
چوار گەشت بۆ گواستنەوەی هاووڵاتیان لە نیودەلهی پایتەختی هیندستان، هەموو ئەم گەشتانە بەرەو سعوودیە دەبن و تێچووی گەشتەکانیش لە ئەستۆی هاووڵاتیان خۆیان دەبێت و خۆڕایی نین.
ئەم ڕێکارە نائاساییانە دوای ئەوە دێن کە لە 28ی شوباتی 2026ەوە، بەهۆی هەڵگیرسانی جەنگ لە ناوچەکە، ئاسمانی عێراق بە تەواوی بەڕووی گەشتە ئاسمانییەکاندا داخراوە. لە ئێستادا تەنیا ڕێگەی پەیوەندیی عێراق لەگەڵ جیهانی دەرەوە تەنیا لە ڕێگەی دەروازە وشکانییەکانەوە ماوەتەوە، ئەمەش وایکردووە حکومەت پەنا بۆ وڵاتانی دراوسێ ببات بۆ گەڕاندنەوەی هاووڵاتیانی.