دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ئەمڕۆ هەینی پەیامێکی توندی ئاراستەی کۆماری ئیسلامیی ئێران کرد و ڕایگەیاند، وڵاتەکەی کار بۆ تێکشکاندنی تەواوەتی ئەو وڵاتە دەکات.
ترەمپ لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تروس سۆشیاڵ نووسیویەتی: “ئێمە بە تەواوەتی ڕژێمە تیرۆریستەکەی ئێران تێکدەشکێنین، چ لە ڕووی سەربازی و ئابووری، چ لە لایەنەکانی دیکەشەوە.” هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە پێویستە جیهان چاوەڕێی هەنگاوەکانی ئەمڕۆی ئەمریکا بێت بەرامبەر تاران.
سەرۆکی ئەمریکا لە زانیارییەکانیدا تیشکی خستە سەر لاوازبوونی پێگەی سەربازیی ئێران و وتی: هێزی دەریایی و ئاسمانی ئێران کۆتایییان هاتووە، مووشەک، درۆن و کەرەستە سەربازییەکانیان لە لێواری لەناوچووندان، سەرکردەکانی ئەو ڕژێمە لەسەر ڕووی زەوی سڕاونەتەوە.
ترەمپ جەختی کردەوە لەوەی ئەمریکا خاوەنی “هێزێکی ئاگرینی بێوێنە و چەکی بێسنوورە” و کاتی تەواویشیان لەبەردەستە بۆ بەدیهێنانی ئامانجەکانیان.
پەیامێک وەک 47ـەمین سەرۆکی ئەمریکی
لە بەشێکی تری پەیامەکەیدا، ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد کە ڕژێمی ئێران ماوەی 47 ساڵە خەڵکی بێتاوان لە جیهاندا دەکوژێت، وتیشی: ئێستا من وەک 47ـەمین سەرۆکی ئەمریکا، ئەوان دەکوژم و شەرەفێکی گەورەیە ئەم کارە دەکەم.”