ترەمپ: ئەگەر زۆرە موجتەبا خامنەیی لەژیاندا بێت

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند کە ئەو بڕوای وایە موجتەبا خامنەیی، ڕێبەری باڵای نوێی ئێران، “بە شێوەیەک لە شێوەکان” هێشتا لە ژیاندایە، سەرەڕای ئەوەی لەوەتەی دوای دەستپێکردنی جەنگ لە ئێران پۆستەکەی وەرگرتووە، بە ئاشکرا نەبینراوە.

ترەمپ لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ برایان کیلمید کە بڕیارە ڕۆژی هەینی کاتژمێر 10:06ی بەیانی بە کاتی ڕۆژهەڵات لە بەرنامەی “The Brian Kilmeade Show” پەخش بکرێت، وتی: “پێموایە ئەگەری زۆرە [لە ژیاندا بێت]. پێموایە زیانی پێگەیشتووە، بەڵام پێموایە ڕەنگە بە شێوەیەک لە شێوەکان لە ژیاندا مابێت، دەزانیت.”

لێدوانەکانی ترەمپ دوای ئەوە هاتن کە موجتەبا خامنەیی ئاماژەی بەوەدا کە ئێران لە جەنگ لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیلدا پاشەکشە ناکات. ڕێبەرە باڵا نوێیەکە ڕۆژی پێنجشەممە و لە ناوەڕاستی پڕوپاگەندەکان سەبارەت بە بارودۆخی تەندروستیی دوای هێرشەکانی ئەم دواییە، ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.

بەگوێرەی ئەو دەقەی میدیای فەرمی ئێران بڵاوی کردووەتەوە، خامنەیی لە بەشێکیدا کە ئاراستەی گەلی ئێرانی کردووە، وتوویەتی: “ئێمە دەستبەرداری تۆڵەکردنەوەی خوێنی شەهیدەکانتان نابین.”

ئەم ڕاگەیەندراوە دوای ئەو هەواڵانە هات کە دەیانگوت خامنەیی بریندار بووە و ئەگەر هەیە لە کۆمادا بێت، ئەوەش دوای هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر کۆمەڵگەیەکی تاران لە 28ی شوباتدا، کە بووە هۆی کوژرانی باوکی.

سەرۆک هەروەها باسی لە تەماحەکانی ڕژێمی ئێران کرد سەبارەت بە وڵاتانی دراوسێ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و وتی: “ئێران لە ماوەی چوار مانگی ڕابردوودا هەزاران موشەکی ئاراستەی هەموو ئەو وڵاتانەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کردبوو.”

وتیشی: “ئەوان دەیانویست دەست بەسەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بگرن، دەیانویست کۆنترۆڵی هەمووی بکەن؛ ئیمارات، قەتەر، عومان و عەرەبستانی سعوودی،” پێش ئەوەی هۆشداری بدات کە ئێران “1,200 موشەکی ئاراستەی ئەو وڵاتانە کردبوو.”

ترەمپ وتی: “هەموو ئەو نەتەوانە لە ئێران دەترسان و ئێستا ئیتر ناترسن. بەڵام هۆکاریان هەبوو بۆ ترسان. ئێمە وامان لێکردوون کە هیچ وڵاتێکی تر نەیتوانیوە وا بکات، بەڵام هێشتا هەندێک پاشماوەیان ماوە.”

سەبارەت بەو گرفتانەی ڕووبەڕووی ئەو کەشتیانە دەبنەوە کە دەیانەوێت بە گەرووی هورمزدا تێپەڕن، ترەمپ پێشنیاری کرد کە پێویستە “بە گەرووی هورمزدا بڕۆن و هەندێک ئازایەتی نیشان بدەن.” سەرۆک زیادی کرد: “هیچ شتێک نییە لێی بترسن. ئەوان هیچ هێزێکی دەریاییان نییە و ئێمە هەموو کەشتییەکانیانمان نوقم کرد.”

ھەواڵی زیاتر