فەرەنسا کوژرانی ئەفسەرێکی سوپاکەی لە هەرێمی کوردستان راگەیاند

حکومەتی فەڕەنسا کوژرانی ئەفسەرێکی پلەباڵای سوپاکەی لە نزیک شاری هەولێر ڕاگەیاند و جەختی کردەوە کە هێرشکردنە سەر هێزەکانیان بە پاساوی “شەڕی ئێران” قبوڵنەکراوە.

سەرۆکایەتی فەڕەنسا رایگەیاند، ئەفسەری پلەباڵا (Adjudant-chef) بە ناوی “ئارنۆ فریۆن” کە ئەندامی کەتیبەی 7ـی ڕاوچییە شاخەوییەکانی سوپای وڵاتەکەی بووە، لە ئەنجامی هێرشێکدا لە ناوچەی هەولێر لە هەرێمی کوردستان کوژراوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، لە هەمان هێرشدا چەند سەربازێکی دیکەی فەڕەنسی بریندار بوون و پاریس پشتیوانی و هاوسۆزی خۆی بۆ خێزانەکانیان و هاوڕێیانیان لە سوپا دەردەبڕێت.

ئەرکی هێزەکانی فەڕەنسا لە عێراق


فەڕەنسا هێرشەکەی بە “نایاسایی و قبوڵنەکراو” وەسف کرد و ئاماژەی بەوە دا کە هێزەکانیان لە ساڵی 2015ـەوە لە عێراقن و ئەرکەکەیان تەنیا لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بۆ شەڕی دژی داعش و بەرەنگاربوونەوەی تێرۆرە.

پەیامێک سەبارەت بە گرژییەکانی ئێران


لە پەیامە فەرمییەکەدا هۆشداری دراوەتە لایەنە هێرشبەرەکان و هاتووە: “شەڕی ئێران نابێت ببێتە پاساو بۆ هێرشکردنە سەر هێزەکانمان، چونکە ئامادەیی ئێمە لە عێراق تەنیا بۆ شەڕی تێرۆرە.”

ئەم ڕووداوە لە کاتێکدایە کە ناوچەکە بەهۆی ئاڵۆزییەکانی نێوان ئێران، ئیسرائیل و ئەمریکا، گەورەترین شەپۆلی گرژی بەخۆیەوە دەبینێت و بنکەکانی هاوپەیمانان لە عێراق و سووریا بەردەوام دەکرێنە ئامانج.

ھەواڵی زیاتر