تاران ئامادەکاری بۆ بەخاکسپاردنی فەرماندە و کوژراوانی جەنگ دەکات؛ ئامارەکان هەڵکشاون
بڕیارە سبەی چوارشەممە، کاتژمێر 13:30 بە کاتی تاران، ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی تەرمی ئەو فەرماندە و بەرپرسە ئێرانییانە بەڕێوەبچێت کە لە ئەنجامی بۆردوومانەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلدا کوژراون.
دامەزراوەی بەرگریکردن لە دەستکەوتەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران ئاماژەی بەوە کردووە: سبەی لە ڕێوڕەسمێکی فەرمیدا، تەرمی کوژراوانی جەنگ بە خاک دەسپێردرێن.
بەپێی زانیاریی میدیاکانی ناوخۆی ئێران، ڕێوڕەسمەکە لە گۆڕەپانی شۆڕشی ئیسلامی لە تاران دەستپێدەکات و تاوەکو شوێنی بەخاکسپاردنی فەرماندە باڵاکان و کوژراوانی دیکە بەردەوام دەبێت.
کۆمەڵەی مانگی سووری ئێران نوێترین ئاماری زیانە گیانییەکانی لە ماوەی 10 ڕۆژی جەنگی نێوان ئێران لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل بڵاوکردەوە:
کۆی گشتیی کوژراوان: 1,255 کەس.
کۆی گشتیی برینداران: 12,000 کەس.
زیانەکانی کەرتی تەندروستی: 11 کارمەند گیانیان لەدەستداوە و 55 کارمەندی دیکەی پزیشکی بریندار بوون.
لەلایەکی دیکەوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، دوو ڕۆژ دوای دەستپێکردنی هێرشەکان بۆ سەر ئێران ڕایگەیاند: “تەنها لە یەکەم لێدانماندا، 49 سەرکردەی باڵای ئێرانمان کوشتووە.”