سوپای پاسداران: چاوەڕێی کەشتیی جێراڵد فۆردین؛ “ترەمپ درۆ دەکات”

گوتەبێژی سوپای پاسدارانی ئێران، هێرشێکی تووندی کردە سەر دۆناڵد ترەمپ و گوتی، هێزە چەکدارەکانی وڵاتەکەی چاوەڕێی گەیشتنی کەشتیی فڕۆکەهەڵگری ‘جێراڵد فۆرد’ن بۆ ناوچەکە و تەئکید دەکاتەوە کە دەستپێشخەریی مەیدانی جەنگ لە دەستی ئێراندایە.

ترەمپ بۆ شاردنەوەی شکستەکانی درۆ دەکات


گوتەبێژی سوپای پاسداران لە وەڵامی قسەکانی سەرۆکی ئەمریکادا رایگەیاند، دۆناڵد ترەمپ بۆ راکردن لەو گوشارە دەروونی و سەربازییانەی لە ناوچەکەدا لەسەریەتی، پەنای بۆ “درۆکردن” بردووە. نائینی گوتی: “ترەمپی تاوانبار دوای شکستە شەرمەزارکەرەکانی، دەیەوێت بە فێڵ و تەڵەکە دەستکەوت بۆ خۆی دروست بکات و رای گشتی چەواشە بکات.”

دوورکەوتنەوەی هێزەکانی ئەمریکا بۆ 1000 کیلۆمەتر


نائینی ئاماژەی بەوە کرد، سەرەڕای بانگەشەکانی ترەمپ بۆ هەبوونی ئاسایش، کەشتییە جەنگییەکان و فڕۆکەکانی ئەمریکا لە ترسی مووشەک و درۆنەکانی ئێران، زیاتر لە 1000 کیلۆمەتر لە ناوچەکە دوورکەوتوونەتەوە. گوتیشی: “سەربازە ترسنۆکەکانی ئەمریکا بنکەکانیان جێهێشتووە و لە هۆتێلەکانی ناوچەکەدا پەنایان گرتووە، سەربازانی ئیسرائیلیش خەڵکی مەدەنی و دامەزراوە شارستانییەکان وەک قەڵغانی مرۆیی بەکاردەهێنن.”

مووشەکمان تەواو نەبووە، بەهێزتر بووین


سەبارەت بە توانای مووشەکیی ئێران، گوتەبێژی سوپای پاسداران رەتیکردەوە مووشەکەکانیان بەرەو تەواوبوون بڕۆن و رایگەیاند: “مووشەکەکانی ئێستامان لە رۆژانی یەکەمی جەنگ بەهێزترن، کێشی هەندێک لە کڵاوە جەنگییەکانمان سەرووی یەک تۆنە و ئاراستەی بنکەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل دەکرێن.” نائینی تەحەدای ترەمپی کرد کە ئەگەر راست دەکات، رێگە بدات رۆژنامەنووسان وێنەی وێرانییەکان و ئاماری کوژراوەکانیان بڵاو بکەنەوە.

هەڕەشەی نەگوتی و ئابووری


نائینی هۆشدارییەکی توندی دایە ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی و رایگەیاند، ئەگەر دەستدرێژییەکان بۆ سەر ژێرخانی خزمەتگوزاریی ئێران بەردەوام بێت، “رێگە نادەین تەنانەت یەک لیتر نەگوتی ناوچەکە هەناردە بکرێت.” ئاماژەی بەوەش کرد کە ترەمپ لە کۆنترۆڵکردنی نرخی نەوتدا شکستیکردووە و تەنیا لە 9 رۆژی یەکەمی جەنگدا نرخەکەی دوو هێندە بووە.

کۆتایی جەنگ کێ دیاری دەکات؟


لە کۆتایی پەیامەکەیدا، گوتەبێژی سوپای پاسداران گوتی: “دەستی ئێما بۆ پەرەپێدانی جەنگ کراوەیە. ئاسایش بۆ هەمووان یان نائارامی بۆ هەمووان دەبێت. ئەوە ئێمەین کە کاتی کۆتاییهاتنی جەنگ دیاری دەکەین، نەک ئەمریکییەکان.” نائینی دووپاتی کردەوە کە هێزە چەکدارەکانیان لە تەنگەی هورمز چاوەڕێی کەشتیی فڕۆکەهەڵگری “جێراڵد فۆرد” دەکەن بۆ رووبەڕووبوونەوە.

ھەواڵی زیاتر