حەشدی شەعبی بۆردومان کرا و عێراق بڕیارێکی بەپەلەی دا

لە کۆبوونەوەیەکی باڵای ئەمنیدا بە سەرۆکایەتی سەرۆکی ئەرکان و فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق، بڕیاری قەدەخەکردنی هەموو جۆرە دەرکەوتنێکی چەکداری لە شارەکاندا درا و جەخت لە “یەکێتیی فەرماندەیی” کرایەوە.

کۆبوونەوەکە بە ئامادەبوونی فەرماندەکانی سوپا، دژەتیرۆر، حەشدی شەعبی و پۆلیس، ئەمشەو دووشەممە بەڕێوەچوو؛ تێیدا چەند بڕیارێکی ستراتیژیی دران، لەوانە؛ دەرکەوتنی چەکداری لە ناوچەکانی ئۆپەراسیۆن بە هەموو شێوەیەک قەدەخە کرا، رێگری دەکرێت لەوەی خاکی عێراق بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتانی دراوسێ یان هەر لایەنێکی دەرەکی بەکاربهێنرێت.

بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان، هەموو هێزەکان، بە حەشدی شەعبیشەوە، دەبێت تەنیا لە ژێر فەرمانی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکاندا بن.

هاوکات فەرماندەکان سەرپشک کران لە بڕیاردان بۆ پاراستنی بەرژەوەندی گشتی، بەڵام رووبەڕووی لێپرسینەوە و هەڵسەنگاندن دەبنەوە.

فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان جەختی لەوە کردەوە، کە دەزگا هەواڵگرییەکان راسپێردراون رێکاری یاسایی تووند بەرامبەر هەر کەس و لایەنێک بگرنەبەر کە بیەوێت ئاسایش و سەقامگیریی وڵات تێکبدات.

ئەم بڕیارە لەکاتێکدایە کە کەمێک پێش کۆبوونەوەکە، بارەگای لیوای 30ی حەشدی شەعبی بە درۆن کرایە ئامانج و دوو حەشد بریندار بوون.

ھەواڵی زیاتر