دژی گۆڕینی پێگەی کارگێڕیی ناحیەی گوڵاڵە لە خانەقین بایکۆت ڕاگەیەندرا

ئەمڕۆ چوارشەممە 2026/02/25 لە زۆربەی دامودەزگاکانی حکومەت و قوتابخانە و بازاڕەکانی ناحیەی گوڵاڵە بایکۆتی گشتی دەستیپێکردووە و ئەم هەڵوێستە وەک ناڕەزایەتییەک دێت دژی بڕیارێکی وەزارەتی پلاندانانی عێراق بۆ بەرزکردنەوەی پلەی کارگێڕی ناحیەکە بۆ قەزا، بەشداربووانی بایکۆتەکەش جەخت دەکەنەوە کە تا هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکە بەردەوام دەبن.

گوڵاڵە کە لە ڕووی کارگێڕییەوە سەر بە قەزای خانەقینە لە پارێزگای دیالە و یەکێکە لە ناوچە جێناکۆکەکانی ماددەی 140ی دەستووری عێراقە، بڕیارەکەی حکومەتی فیدراڵ کاردانەوەی توندی لایەنە کوردستانییەکانی لێکەوتووەتەوە. 

لەو بارەیەوە ئەوس ئیبراهیم، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە ڕایگەیاند، ئەم بڕیارە پێشێلکردنی ماددەی 140ـی دەستووری عێراقە چونکە ناوچەکە کێشەلەسەرە و هەر گۆڕانکارییەکی کارگێڕی لەم جۆرە پێویستی بە ڕێککەوتنی سیاسی پێشوەختە هەیە.

ناحیەی گوڵاڵە مێژوویەکی ئاڵۆزی لە گۆڕانکاری دیمۆگرافیدا هەیە بە جۆرێک پێش ساڵی 2003 زۆربەی دانیشتوانەکەی کورد بوون بەڵام لە نێوان ساڵانی 2004 بۆ 2010 ڕێژەی کورد بە شێوەیەکی بەرچاو کەمی کرد و لە 12 هەزار خێزانەوە تەنها 3 هەزار خێزان مانەوە. 

دواتر لە ساڵی 2014 و دوای کەوتنی مووسڵ ناحیەکە کەوتە دەستی داعش، بەڵام لە تشرینی دووەمی هەمان ساڵدا لەلایەن هێزەکانی پێشمەرگەوە کۆنترۆڵکرایەوە و ئاشتی بۆ ناوچەکە گەڕایەوە. پاشان لە دوای ڕووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەری 2017 بەهۆی گۆڕانی هاوسەنگی هێز، جارێکی دیکە کورد لە ناوچەکەدا ڕووی لە کەمیکرد و بەشێکی زۆری دانیشتوانەکەی بەرەو خانەقین و کەلار و کفری کۆچیان کرد.

ئەم بڕیارە نوێیەی حکومەتی عێراق لە کاتێکدایە کە ناوچەکە فرە نەتەوەیە، کورد، عەرەب و تورکمانی تێدا دەژی، هەربۆیە هەر گۆڕانکارییەک لە ناسنامەی کارگێڕیدا بە هەستیار و کاریگەر لەسەر داهاتووی سیاسی ناوچەکە دادەنرێت.

ھەواڵی زیاتر