دیارترین خاڵە ناكۆكەكانی نێوان تڕەمپ و نەتەنیاهۆ لەسەر ئێران چیین؟

ڕۆژی چوارشەممە، دۆناڵد تڕەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە کۆشکی سپی لەگەڵ بنیامین نەتەنیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل کۆبووەوە بۆ تاوتوێکردنی چەند پرسێک، کە لە سەرووی هەموویانەوە وتووێژەکانی ڕێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران بوو.

هەرچەندە ئەمریکا و ئیسرائیل هاوڕان لەسەر ئەوەی ئێران هەڕەشەیەکی هاوبەشە بۆ هەردوو وڵات، بەڵام بەپێی چەندین سەرچاوە، تڕەمپ و نەتەنیاهۆ لەسەر شێوازی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم دۆسیەیەدا تەبا نین.

دیارترین خاڵە ناكۆكەكانی نێوان تڕەمپ و نەتەنیاهۆ سەبارەت بە وتووێژەکانی ئێران چیین؟

موشەکە بالیستییەکان: نەتەنیاهۆ فشار دەکات بۆ فراوانکردنی وتووێژەکانی نێوان واشنتن و تاران، بەجۆرێک کە بەرنامەی موشەکی بالیستی ئێرانیش بگرێتەوە، لە کاتێکدا تڕەمپ بە ئاشکرا هەڵوێستی خۆی لەسەر فراوانکردنی چوارچێوەی گفتوگۆکان یەکلا نەکردووەتەوە و تەنها ئاماژەی بە ئەگەری تاوتوێکردنی دۆسیەی موشەکەکان کردووە.

ئاستی ڕێککەوتنەکە: ئیسرائیل لە ڕێککەوتنێکی ئەتۆمی سنووردار دەترسێت کە تەنها پرسی پیتاندنی یۆرانیۆم بگرێتەوە و هێڵە سوورەکانی تری پشتگوێ بخات، لە کاتێکدا واشنتن ئەوە بەدوور نازانێت کە پەیڕەوی لە ستراتیژییەک بکات کە سەرەتا تیشک بخاتە سەر کۆنترۆڵکردنی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران لە ئاستێکی پیتاندنی ئاشتیانەدا.

بریکارەکانی ناوچەکە: هەروەها ئیسرائیل دەیەوێت هەر ڕێککەوتنێک کۆتاییهێنان بە پشتیوانییەکانی تاران بۆ بریکارەکانی لە ناوچەکەدا بگرێتەوە (وەک حزبوڵای لوبنانی، حوسییەکان لە یەمەن و گروپە چەکدارەکانی لایەنگری لە عێراق)، بەڵام واشنتن لە ئێستادا سەرنجی لەسەر ڕێڕەوی ئەتۆمییە و پابەندییەکی ڕوونی نیشان نەداوە بۆ بەستنەوەی توندی ڕێککەوتنەکە بە دۆسیەی گروپە ناوچەییەکانەوە.

بونیادنانەوەی سەربازی: تەلئەبیب نیگەرانە لە هەوڵەکانی تاران بۆ دووبارە چاککردنەوە و بونیادنانەوەی بەرگرییە ئاسمانییەکان و جبەخانە موشەکییەکانی دوای لێدانەکانی پێشوو، لە کاتێکدا هەڵوێستی ئەمریکا تیشک دەخاتە سەر ڕێگریکردن لە ئێران بۆ دەستڕاگەیشتن بە چەکی ئەتۆمی، بەبێ ڕاگەیاندنی میکانیزمێکی ڕوون بۆ ڕێگریکردن لە بونیادنانەوەی سەربازیی کلاسیکی.

ئەم جیاوازییە بنەڕەتییە ڕاگەیەنراوەی نێوان واشنتن و تەلئەبیب، ڕەنگە هۆکاری ئەوە بێت کە تڕەمپ ئەمجارە تەنها بە کۆبوونەوەیەکی داخراو لەگەڵ نەتەنیاهۆ بەبێ هیچ پرۆتۆکۆڵێکی فەرمی وازی هێناوە، یاخود وەک چاودێران دەڵێن ڕەنگە ئەمە بەشێک بێت لە یارییەکی هەژمارکراوی “ئاڵوگۆڕکردنی ڕۆڵەکان” لە نێوان هەردوولادا.

ڕۆژی پێنجشەممە، نەتەنیاهۆ پێش جێهێشتنی واشنتن بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند: “ئەو (تڕەمپ) دەیویست ڕای من ببیستێت؛ لێتان ناشارمەوە کە من گومانی گشتیم بەرامبەر بە سروشتی هەر ڕێککەوتنێک لەگەڵ ئێران دەربڕیوە، بەڵام وتم ئەگەر بەڕاستی ڕێککەوتنێک کرا، پێویستە ئەو توخمە گرنگانە لەخۆ بگرێت کە بۆ ئێمە و بۆ ئیسرائیل گرنگن – و پێم وایە تەنها بۆ ئیسرائیلیش نییە – ئەمەش واتە تەنها دۆسیەی ئەتۆمی نەبێت، بەڵکو موشەکە بالیستییەکان و بریکارەکانی ئێرانیش بگرێتەوە.”

ھەواڵی زیاتر