ڕێکخراوێکی مافی مرۆڤ: کوژراوانی خۆپێشاندانەکانی ئێران حەوت هەزار کەسی تێپەڕاندووە

ئاژانسی چالاکوانانی مافی مرۆڤی ئێران “هرانا” نوێترین ڕاپۆرتی لەبارەی قوربانیانی شەپۆلی ناڕەزایەتییەکانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بڵاوکردەوە و ڕایدەگەیەنێت: کوژراوانی خۆپێشاندانەکان حەوت هەزار کەسی تێپەڕاندووە.

قوربانی و دەستگیرکردن (بەپێی ئاماری هرانا):

-بەگوێرەی ڕاپۆرتی هرانا، حەوت هەزار و دوو کەس کوژراون کە 216 کەسیان منداڵن، هاوکات بەدواداچوون بۆ کوژرانی 11 هەزار و 730 کەس دەکرێت کە هێشتا بەڵگەی تەواویان لەسەر نییە.

-25 هەزار و 22 کەس لە ڕووداوەکاندا بریندار بوون.

– 52 هەزار و 941 خۆپیشاندەر لە سەرانسەری وڵاتەکە دەستگیر کراون.

ئامارەکانی حکومەتی ئێران شتێکی دیکە دەڵین و ئاماژە بە ژمارەیەکی دیکەی قوربایان دەکەن لە وڵاتەکە، بە جۆریک: دامەزراوە حکومییەکانی ئێران ئاماری کەمتریان بڵاوکردووەتەوە:

ئەنجوومەنی ئاسایشی وڵاتەکە کۆی قوربانیەکانی بە سێ هەزار و 117 کەس هەژمار کردووە، بە گوتەی ئەوان، “دوو هەزار و 427ـیان خەڵکی بێتاوان و هێزە ئەمنییەکان بوون.” ئاژانسی فەرمیی ئیرناش ناوی دوو هەزار و 986 کوژراوی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت: 131 تەرم نەناسراونەتەوە.

ناڕەزایەتییەکان کە لە 28ی کانوونی یەکەمی 2025ـەوە لە تارانەوە بەهۆی گرانی و دابەزینی بەهای تمەن دەستیپێکرد، زیانێکی زۆری ماددی لێکەوتووەتەوە، لەوانە:

زیان بە 250 قوتابخانە و 300 مزگەوت و 90 حەوزەی عیلمی گەیشتووە.

زیان بە دوو هەزار و 200 ئۆتۆمبێلی هێزە ئەمنییەکانی ئێران گەیشتووە.

ھەواڵی زیاتر