لە بەشێکی میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان وا بڵاوکرایەوە کە نرخی کارەبای 24 کاتژمێری زیاد بووە و جێگری بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕوونکردنەوەی تەواوی لەبارەوە دەدات.
عەزیز ئەحمەد، جێگری بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، سەبارەت بە سیستەمی کارەبای 24 کاتژمێری ڕایگەیاند؛ پسوولەی ئەم مانگەی هاووڵاتییان کرێی 46 ڕۆژی ڕابردووی تێدایە، ئەوەش بەهۆی فراوانبوونی سیستەمەكەوەو چاپکردنی پسوولەکاندا بووە، ئەو زیادەیەی رۆژەکان (16 رۆژەکە) نابێتە هۆی ئەوەی هاونیشتمانییان بچنە نێو “تاریفەی گرانتر و گوتی: “400 کیلۆواتی یەکەم بۆ 30 ڕۆژ هەژمار دەکرێت، ڕۆژە زیادەکانیش بە هەمان نرخی هەرزان هەژمار دەکرێن.” هەر بۆیە مانگی داهاتوو تەنها پسوولەی 14 ڕۆژیان بۆ دەچێتەوە.
ئاماژەی بەوەش کرد، بە هیچ شێوەیەک دەستکاریی نرخی کارەبا نەکراوە، بگرە وەزارەتی کارەبا دەسەڵاتی گۆڕینی نرخی نییە و ئەوە بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران دەبێت” بەڵام بۆ مانگی ڕابردوو زۆرینەی هاووڵاتییان بە ڕێژەی 50٪ زیاتر کارەبایان بەکار هێناوە، ئەمەش بەهۆی دوو هۆكارەوە ؛ بەهۆی وەرزی زستانەوە خواست لەسەر کارەبا زیادیکردووە، هاوكات ماوەی خوێندنەوەی پێوەریش كە ئەم مانگە بەهۆی فراوانبوونی سیستەمەکەوە، پسوولەکان بۆ ماوەی 46 رۆژ هاتوونەتەوە نەک 30 ڕۆژ.
عەزیز ئەحمەد، وتیشی: حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بابەتی داشکاندن بۆ هاووڵاتییان کەمتەرخەم نەبووە و داشکاندنی لە 20٪ی داشکان بۆ پسوولەی داهاتوو، بۆ ئەو هاوبەشانەیە لە رێگەی سیستەمی دیجیتاڵییەوە لە 30ڕۆژی داهاتوو پارەی کارەبا دەدەن، واتە هەر هاووڵاتییەک لە رێگەی (ئی-پسوولە)ـەوە كرێی كارەبا بدات داشكاندنەكە دەیگرێتەوە، بۆ قەرزەكانی پێش پرۆژەی ڕووناكیش جارێ بڕیار نەدراوە كە بەتەئكید رەچاوی بارودۆخی هاوڵاتیان و مووچەخۆران دەكرێت و بەشێوەیەكی درێژخایەن ئەو قەرزانە وەردەگیرێتەوە..