سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل شەش داواکاریی سەبارەت بە ئێران داواتە ئەمریکا و دیارترینیان هەڵوەشاندنەوەی تەواوەتی بەرنامەی ئەتۆمییەکەی وڵاتەکەیە.
کەناڵی 12ــی ئیسرائیلی، شەش داواکارییەکانی بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلی ئاشکرا کردووە، کە گەیاندوویەتییە ئەمریکا؛ داواکارییەکان ئەمانەن:
– هەڵوەشاندنەوەی تەواوەتی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران.
– توانای پیتاندنی یۆرانیۆمی ئێران بگەیەنرێتە سەر سفر.
– سەرجەم یۆرانیۆمی پیتێنراو لە ناوخۆی ئێران ببرێتە دەرەوە.
– هەڵوەشاندنەوەی ”گرووپە چەکدارەکان”’ـی سەر بە ئێران لە ناوچەکە.
– سنووردارکردنی مەودای مووشەکی بالیستیک بۆ 300 کیلۆمەتر.
– چاودێرییەکی درێژخایەن بۆ ڕێککەوتنەکانی داهاتوو.
لەبەرامبەردا عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، هەڵوێستەکانی ئیسرائیل بە ”شێوازی خۆزاڵکردن” ناو برد، جەختی کردەوە لەوەی تواناکانی بەرگریی وڵاتەکەی جێگای دانوستان نییە. بڕیاریشە ڕۆژی چوارشەممەی داهاتوو، نەتانیاهۆ لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە واشنتن کۆببێتەوە و پرسەکە تاوتوێ بکەن.
ڕۆژی هەینی هەردوو شاندی ئێران و ئەمریکا بە نێوەندگیریی عومان لە مەسقەت کۆبوونەوە. بڕیارە گەڕی دووەمی گفتوگۆکانیش بەڕێوە بچێت، بەڵام تاوەکو ئێستا کات و شوێنی ڕانەگەیەندراوە.