ڕێگا بە ئەندامانی کۆنگرێسی ئەمریکا دەدرێت سەرجەم فایلەکانی ئێپستین ببینن

وەزارەتی دادی ئەمریکا ڕێگە بە ئەندامانی کۆنگرێس دەدات پێداچوونەوە بە فایلەکانی دۆسیەی جێفری ئێپستین بکەن کە سێ ملیۆن فایل دەبێت، بەڵام بەکارهێنانی موبایل و ئامێرەکانی پەیوەندیکردن لەلایەن ئەندمانی کۆنگرێسەوە قەدەغەیە.

وەزارەتی دادی ئەمریکا، نامەیەکی ئاراستەی لایەنە پەیوەندیدارەکان کردووە و تێیدا هاتووە: ئەندامانی کۆنگرێس دەتوانن ڕۆژی دووشەممە 09-02-2026 پێداچوونەوە بە فایلەکانی دۆسیەی ئێپستیندا بکەن.


ڕۆو خانا، ئەندامی کۆنگرێسی ئەمریکا لەسەر پشکی دیموکراتەکان، سەرپەرشتیی هەوڵەکان دەکات بۆ شەفافییەتی لە دۆسیەی ئێپستین. خانا ڕایگەیاند: هەنگاوەکەی وەزارەتی دادی ئەمریکا، بۆ ئەوەی ئەندامانی کۆنگرێس بتوانن سەرجەم فایلەکان ببینن، ئەرێنییە.



لە ماوەی ڕابردوو زیاتر لە سێ ملیۆن فایل لەسەر دۆسییەی جێفری ئێپستین بڵاوکرایەوە، بەشێکی زۆری ئەو فایلانە سانسۆر کرابوون، ئێستا بەهۆی گوشاری بەردەوامی هەردوو پارتی کۆمارییەکان و دیموکراتەکان، ڕێگە دەدرێت ئەندامانی کۆنگرێس بە بێ سانسۆر فایلەکان ببینن و پێداچوونەوەیان بۆ بکەن

تاوەکو هەر ئەندامێکی کۆنگرێسیش دەستی بە فایلەکان بگات، پێویستە 24 کاتژمێر پێشتر وەزارەتی داد ئاگادار بکاتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا تەنیا ئەندامانی کۆنگرێس دەتوانن تەماشای فایلەکان بکەن، یاریدەدەر و کەسە نزیکەکانیان بۆیان نییە دەستیان بە فایلەکە بگات.

وەزارەتی دادی ئەمریکا بڕیاریداوە شوێنێکی تایبەت بۆ خوێندنەوەی فایلەکان دەستنیشان بکات، بردنە ژوورەوەی مۆبایل، کامێرا و ئامێرەکانی دیکە قەدەغە دەبێت. ئەندامانی کۆنگرێس بۆیان هەیە بە پێنووس و کاغەز تێبینییەکانیان بنووسن، بەڵام بۆیان نییە کۆپی فایلەکان بکەن.


جێفری ئێپستین ملیاردێرێکی ئەمریکی بوو، لە ساڵی 2019دا لە زیندان کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا، دوای ئەوەی بە تۆمەتی بازرگانیکردن بە سێکس و دەستدرێژی بۆ سەر منداڵان دەستگیر کرا. فایلەکانی ئێپستین بەهۆی ئەوەی ناوی چەندین سەرکردە، پاشا، ملیاردێر و کەسایەتیی جیهانیی تێدایە، وەک “بۆمبێکی سیاسی” دەبینرێت. لە ساڵانی 2024 و 2025دا چەندین بەشی ئەم فایلانە بڵاوکرانەتەوە.

ھەواڵی زیاتر