سەرۆک بارزانی پشتیوانیی خۆی بۆ ڕێککەوتنی دیمەشق و هەسەدە دووپاتکردەوە


سەرۆک بارزانی پشتیوانیی خۆی بۆ ڕێککەوتنی نێوان حکومەتی سووریا و هەسەدە ڕادەگەیەنێت، هیواخوازە هەنگاوەکە ببێتە هۆی چەسپاندنی ئارامی لە وڵاتەکەدا.

بەگوێرەی ڕاگەیێنراوێکی فەرمیی سەرۆکایەتیی کۆماری سووریا، ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری سووریا پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی لەگەڵ سەرۆک بارزانی ئەنجام دا، تێیدا گۆڕانکارییە سیاسییەکان و داهاتووی مافە نەتەوەییەکانی پێکهاتەی کوردیان بە وردی و پێکەوە تاوتوێ کرد. سەرۆک بارزانی، پشتیوانی خۆی بۆ ڕێککەوتنی نێوان دیمەشق و هەسەدە دەربڕی و هیوای خواست ئەم هەنگاوە مێژووییە جێبەجێ بکرێت تاوەکو ئارامی بۆ وڵاتەکە بگەڕێتەوە.

لە ڕاگەیێنراوەکەدا هاتووە، ئەحمەد شەرع، دووپاتی کردەوە حکومەتەکەی پێداگیرە لەسەر پاراستنی مافە نەتەوەیی و مەدەنییەکانی کورد، جەختی کردەوە هەموو سوورییەکان لە بەردەم یاسادا خاوەنی ماف و ئەرکی یەکسان دەبن.


هەردوولا جەختیان لە گرنگیی هاوکاریی هاوبەش کردەوە بۆ سەرخستنی پڕۆسەی ئاشتی، تاوەکو ئەم لێکتێگەیشتنە ببێتە بنەمایەک بۆ چەسپاندنی سەقامگیریی هەمیشەیی و دوورخستنەوەی هەر جۆرە مەترسییەک لە سووریا.

ئەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەی نێوان سەرۆک بارزانی و ئەحمەد شەرع دوای ئەوە دێت ڕۆژی 30 کانوونی دووەم، هێزەکانی سووریای دیموکرات “هەسەدە” و حکومەتی سووریا گەیشتنە ڕێککەوتنێکی گشتگیر بۆ ئاگربەستی هەمیشەیی و یەکخستنی تەواوەتیی دامەزراوە سەربازیی و کارگێڕییەکان.

ھەواڵی زیاتر