ڕویتەرز: مارک ساڤایە لە پۆستەکەی دوورخرایەوە
بەگوێرەی زانیارییەکان، مارک ساڤایا، نێردەی تایبەتیی ئەمریکا بۆ عێراق، لە پۆستەکەی دوورخراوەتەوە و ڕەنگە تۆم باراک جێگەی بگرێتەوە.
ڕۆیتەرز ڕایگەیاندووە، دوای ئاڵۆزییەکانی نێوان واشنتن و بەغداد لەسەر نەهێشتنی کاریگەریی ئێران بەسەر عێراقەوە، چیتر مارک ساڤایا لە ئەرکەکەی نەماوە، کە پێشتر لە لایەن دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکاوە ئەو ئەرکەی پێبەخشرا بوو.
هەژماری فەرمیی مارک ساڤایا، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس، تاوەکو ماوەیەک پێش ئێستاش بە شێوەیەکی بەرچاو چالاک بوو، بەڵام لە ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردووەوە ساڤایا هچ پۆستێکی نییە و وەڵامی ئەو نامانەی نەداوەتەوە، لەوەی لە پۆستەکەی ماوە یان نا، هەروەها ڕوونکردنەوەی لەسەر داخستنی هەژمارەکەی نەداوە.
بڕیار وابوو ڕۆژی هەینی ڕابردوو، ساڤایا سەردانی عێراق بکات و چەندین کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی عێراق ئەنجامبدات، بەڵام لەناکاو سەرجەم کۆبوونەوەکانی هەڵوەشاندەوە و گەشتەکەیشی بۆ بەغداد نەکرد.
هێشتا بە تەواوی ڕوون نییە چی بووەتە هۆی دوورکەوتنەوەی ساڤایا، خراپ مامەڵەکردنی ساڤایان لەگەڵ بابەتە هەستیارەکان پرسێکی سەرەکی بووە، بە تایبەت کاندیدکردنەوەی نوری مالیکی، بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی عیراق، کە ترەمپیش هۆشداری بە بەغدا دابوو.
بەگوێرەی زانیارییەکانی ڕۆیتەرز و بەرپرسێکی باڵای عێراقی، پێدەچێت تۆم باراک، باڵیۆزی ئەمریکا لە تورکیا و نێردەی تایبەتی ترەمپ بۆ سووریا، دۆسیەی عێراق لە وەزارەتی دەرەوە بگرێتە ئەستۆ.
بەڵام گوتەبێژێکی تۆم باراک ئەو دەنگۆیانە ڕەتدەکاتەوە و ڕایگەیاندووە کە هیچ کاتێک تاوتوێی ئەو بابەتەیان نەکردووە، ساڤایاش بە ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە کە هێشتا لەگەڵ وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا کار دەکات و هەندێک کاری کارگێڕی خۆی تەواو دەکات.