دەوڵەتی یاسا: دەستبەرداری نووری مالیکی نابین بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق

سەرکردەیەکی دەوڵەتی یاسا وەڵامی دۆناڵد ترەمپ دەداتەوە و ڕایدەگەیێنێت، نووری مالیکی، کە کاندیدی سەرۆکوەزیرانی عێراقە، “سەرکردەی ڕاستەقینەیە نەک دروستکراو، بۆیەش دەستبەرداری نابین”.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تروس سۆشیاڵ پەیامێکی ئاڕاستەی عێراق کرد و گوتی، لە سەردەمی دەسەڵاتی مالیکیدا عێراق کەوتە نێو پشێوی و هەژارییەوە، نابێت ئەوە دووبارە ببێتەوە، ئەگەریش مالیکی بۆ سەرۆکایەتیی حکومەت بگەڕێتەوە، واشنتن چیتر هاوکاریی بەغدا ناکات.

ئەحمەد ئەلموبەرقەع، وەزیری وەرزش و لاوانی عێراق و کەسایەتی نزیک لە نووری مالیکی ڕایگەیاند، مالیکی ڕۆژ لە دوای ڕۆژ دەیسەلمێنێت کە “سەرکردەی ڕاستەقینەیە لە سەردەمی سەرکردەی دروستکراودا، بۆیە دەستبەرداری نابین و مالیکی هەڵبژاردە دروستەکەیە”.

هاوکات شبل زەیدی، سەرۆکی هاوپەیمانیی خەدەمات کە یەکێکە لە لایەنەکانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی، قسەکانی ترەمپ ڕەت دەکاتەوە و دەڵێت: تۆمەتبارکردنی مالیکی بە دروستکردنی پشێووی ڕاست نییە، تەنیا شێواندنی وێنەکەیەتی لەبەردەم ڕای گشتیدا.

جەختیش دەکاتەوە لەسەر ئەوەی ناوبراو “ڕەمزی دەوڵەت و میانڕەویی و نێوەندگیرییە، یەکێکە لە گرنگترین پایەکانی دەوڵەت و پرۆسەی سیاسی عێراقی نوێ”.

عامر فایز، سەرکردە لە چوارچێوەی هەماهەنگی ئاشکرای دەکات، چوارچێوەکە لە چەند کاتژمێری داهاتوودا کۆبوونەوەیەک دەکات بۆ تاوتوێکردنی لێدوانەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەبارەت بە ڕەتکردنەوەی کاندیدکردنی نووری مالیکی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق.

ھەواڵی زیاتر