دوایین وادەی خۆپاڵاوتن بۆ پۆستی سەرۆککۆماری عێراق دیاری دەکرێت
ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایگەیاند دوایین وادە بۆ پێشکەشکردنی داواکاریی بۆ پۆستی سەرۆککۆماری عێراق ڕادەگەیەنێت.
سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، تاوەکوو کۆتایی دەوامی فەرمیی سبەی دووشەممە، دەرگای خۆپاڵاوتن واڵا دەبێت. ئەمەش دوای ئەوە دێت کە لە 31ـی کانوونی یەکەمی ڕابردووەوە پەرلەمان پشتبەست بە یاسای ژمارە هەشت لە ساڵی 2012، دەرگای خۆپاڵاوتنی بۆ ماوەی سێ ڕۆژ کردەوە.
مەرجەکانی خۆپاڵاوتن: بەپێی یاسا پێویستە ئەو کەسەی خۆی بۆ ئەم پۆستە دەپاڵێوێت، ئەم مەرجانەی تێدا بێت:
یەکەم: بە ڕەچەڵەک عێراقی بێت، لە دایک و باوکێکی عێراقی لەدایک بووبێت.
دووەم: تەمەنی لە 40 ساڵ کەمتر نەبێت.
سێیەم: خاوەن ناوبانگێکی باش و ئەزموونی سیاسیی بێت.
چوارەم: لانیکەم بڕوانامەی بەرایی زانکۆ (بەکالۆریۆس)ـی هەبێت.
پێنجەم: حوکمی تاوانی ئابڕووبەرانەی لەسەر نەبێت، هاوکات ڕێکارەکانی لێپرسینەوە و دادپەروەری (بەعس) نەیگرتبێتەوە.
وادەی دەستووری:
لە ڕووی دەستوورییەوە پەرلەمانی عێراق پابەندە بەوەی لە ماوەی 30 ڕۆژدا دوای یەکەم دانیشتنی خولی نوێ، سەرککۆمار هەڵبژێردرێت.
پەرلەمانی عێراق لە 29ـی کانوونی یەکەمی 2025، یەکەم دانیشتنی خولی نوێی خۆی ئەنجام دا، بۆیە دەبێت پێش کۆتایی مانگی کانوونی دووەم کاندیدی سەرکەوتووی سەرۆککۆمار دیاری بکرێت.