سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان دێتە عێراق

بۆ بەشداریکردن لە ڕێوڕەسمی ڕاگەیاندنی کۆتاییهاتنی ئەرکی تیمی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ یارمەتیدانی عێراق (یونامی)، سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان دێتە بەغدا.

بەگوێرەی بڕیاری ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان، ئەرکی تیمی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ یارمەتیدانی عێراق (یونامی) لە کۆتایی ئەمساڵدا تەواو دەبێت، بەهۆیەوە هەموو کارەکانی یونامی ڕادەگیرێن.

نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، بڕیارە ئەمڕۆ شەممە 2025-12-13، ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس، سکرتێری گشتینەتەوەیەکگرتووەکان بگاتە بەغدا و بەشداری لە ڕێوڕەسمی ڕاگەیاندنی کۆتاییهاتنی ئەرکی ئەرکی تیمی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ یارمەتیدانی عێراق (یونامی). سەرچاوەیەکیش بە ئاژانسی فەرمی ڕاگەیاند، وادەی سەردانەکەی گۆتێرێس بەهۆی خراپیی کەشوهەواوە دواکەوتووە.

بەر لە سەردانەکەی گۆتێریس، محەممەد ئەلحەسسان، نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان و سەرۆکی نێردەی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ هاریکاریکردنی عێراق (یونامی) ڕایگەیاند، نێردەکە لە 31ی کانوونی یەکەمی 2025 بە یەکجاری عێراق جێدەهێڵێت. دووپاتیشی کردەوە چوونە دەرەوەی نێردەکە بە مانای نەبوونی نەتەوەیەکگرتووەکان نییە لە عێراق، بەڵکو دەزگا تایبەتمەندەکانیان چالاک دەمێننەوە لە بوارەکانی تەندروستی، پەروەردە، تەکنەلۆجیا، کەشوهەوا، و ئابووریدا.

نێردەی یونامی لە ساڵی 2003 بە بڕیارێکی ئەنجوومەنی ئاسایش دامەزرا، بە فەرمی بڕیاردرا کە لە 31ی کانوونی یەکەمی 2025 کۆتایی بە ئەرکەکانی بهێنرێت، دوای درێژکردنەوەی کۆتایی و بەپێی داوای حکومەتی عێراق.

ھەواڵی زیاتر