جوتیار عادل: نیوەی داهاتی گومرگی ڕادەستی بەغدا دەکەین
وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، هەرێمی کوردستان ئامادەیی خۆی بۆ پابەندبون بە رەشنوسی رێککەوتنی نێوان هەردولا دەربڕیوە کە بریتیە لە رادەستکردنی رۆژانە 250 هەزار بەرمیل نەوت و 50% داهاتی گومرگی بە بەغدا.
جوتیار عادل، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە ماڵپەڕی “العربي الجديد”ـی راگەیاندوە، لە ئێستادا دۆخێکی ئەرێنی لە پەیوەندییەکانی حکومەتی هەرێم و حکومەتی نوێ بە سەرۆکایەتی مستەفا کازمی بەردەوامی هەیە، بەڵام لەبارەی کێشە بنەڕەتییەکان نەگەیشتونەتە رێککەوتن و گفتوگۆش لەوبارەوە بەردەوامە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، حکومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەیی خۆی دەربڕیوە بۆ رادەستکردنی نەوت بەغدا و بەشداریکردن لە ئامادەکردنی بودجەی گشتی وڵات، کە بەگوێرەی رەشنووسی رێککەوتنەکی نێوان هەردولا رۆژانە 250 هەزار بەرمیل نەوت و 50% داهاتی گومرگی خاڵە سنورییەکانی هەرێم رادەستی بەغدا دەکرێت.
وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو قەیرانە داراییەی کوردستان هاتووە، بە لە بەغداش روویدا کە دەرئەنجامی پشت بەستن بوو بە نەوت وەک تاکە سەرچاوەی سەرەکی داهاتی حکومەت کە بەهۆی بڵاوبونەوەی کۆرۆنا بەهاکەی دابەزی، ئەوەش وایکرد تێکڕای بەرهەمی ناوخۆیی کەمبێتەوە.
لەبارەی هەوڵەکانی حکومەتی هەرێم بۆ تێپەڕاندنی قەیرانی دارایی باسی لەوەکردوە، لە ماوەی رابردودا کوردستان ژمارەیەک سیاسەتی دارایی وەک هەنگاوێکی کاتی بۆ تێپەڕاندنی قەیرانی دارایی گرتووەتەبەر.