سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە سەردانێکی فەرمیی گەیشتە ئەمریکا، بڕیارە لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتە چەندین دیدار و کۆبوونەوە ئەنجام بدات، سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنانی ھەرێمی کوردستانیش دەڵێت “سەردانی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئەنجامی باشی دەبێت و بە دەستێکی پڕ بۆ ھەرێمی کوردستان دەگەڕێتەوە.”
سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنانی ھەرێمی کوردستان، د.محەمەد شوکری، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند “ئەمریکا لە بواری وەبەرھێنان، بازرگانی، دارایی و سیاسەت وڵاتێکی باڵایە، پەیوەندی ھەرێم و ئەمریکاش گرنگە، لەو سەردانەیدا سەرۆکی حکوومەت بە داوەتنامەیەکی فەرمیی بۆ ئەمریکا، بەرپرسانی باڵای ئەمریکا دەبینێت و ئەنجامی باشی دەبێت.”
د.محەمەد شوکری گوتیشی “بەشداریکردنی سەرۆکی حکوومەت لە بابەتی وزە لە ئەمریکا ئەنجامی باشی بۆ ئابووری ھەرێمی کوردستان دەبێت، جگە لەوەش لەگەڵ چەندین سەرمایەدار و وەبەرھێنەری ئەمریکی کۆبوونەوە ئەنجام دەدات، ئەوەش دەرخەری ئەوەیە ھەرێمی کوردستان گۆڕەپانێکی باشە بۆ وەبەرھێنان، چەندین دەرفەتی جۆراوجۆری ھەیە بۆ کەرتی ئابووری و ژێرخانی ئابووری و کەرتەکانی بانکی، گەشتوگوزاری، پیشەسازی، کشتوکاڵ، خوێندنی باڵا، تەندروستی و وزە. بۆیە چاوەڕێ دەکەین ئەو سەردانەی سەرۆکی حکوومەت ئەنجامێکی زۆر باشی بۆ ھەرێمی کوردستان ھەبێت و بە دەستی پڕ بگەرێتەوە بۆ ھەرێمی کوردستان.”
دوێنێ شەممە ١٧ـی ئایاری ٢٠٢٥، مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بە سەردانێکی فەرمی و لەسەر بانگھێشتی حکوومەتی ئەمریکا، بە سەرۆکایەتی شاندێکی باڵا، گەیشتە واشنتن، بڕیارە زنجیرەیەک دیدار و کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەمریکا و کۆنگرێس ئەنجام بدات.”