ئەمڕۆ یەکشەممە 5/11، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە شاری دهۆک ، پڕۆژەی نيشتمانیی کارەبای 24 کاتژمێری ( ڕووناکی) بەسەر کردەوە.
سەرۆکی حکومەت لە گەڕەکی بەرۆشکێ لە شاری دهۆک ، سەردانی چەند ماڵ و دوکان و فرۆشگە و نانەواخانەیەکی کرد کە ماوەیەکە لە چوارچێوەی پڕۆژی ڕووناکی ، کارەبایان بووەتە 24 کاتژمێری و لە نزیکەوە، گوێی لە سەرنج و تێبینی هاووڵاتییان لە سەر پڕۆژەکە گرت.
هاووڵاتییان خۆشحاڵی خۆیان بە ئەنجامدانی پڕۆژەکە نیشاندا و دەستخۆشیان لە حکومەت کرد بۆ جێبەجێکردنی ئەم پڕۆژە نیشتمانییە کە هەموو کوردستان دەگرێتەوە.
سەرۆکی حکومەت لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ، جەختی لەوە کردەوە کە ئەم پڕۆژەیە لە هەموو کوردستان ئەنجام دەدرێت و ئەوەی تا ئێستا کراوە لە سەنتەری شارەکان بووە و بڕیارە تا کۆتایی 2026 ، هەموو پارێزگە و ناوچە و شارو گوندەکانی هەرێمی کوردستان ببنە خاوەنی کارەبای 24 کاتژمێری.
سەرۆکی حکومەت داواشی لە هاووڵاتییان کرد کە زێدەڕۆیی لە بەکارهێنانی کارەبادا نەکەن و بە پێی پێداویستی خۆیان بەکاری بهێنن و بەفیڕۆی نەدەن و هاوکاری حکومەت بن لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان بۆ ئەوەی حکومەتیش بەردەوام بێت لە خزمەتکردنی هاووڵاتییان.
سەرۆکی حکومەت، دڵنیاییشیدا، کە نرخی کارەبا بۆ زۆرینەی هاووڵاتییان نرخێکی گونجاو دەبێت و کەمتر دەبێت لەو نرخەی ئێستای کارەبای موەلیدە و کارەبای نیشتمانیی بەیەکەوە.
تا ئێستا 600 هەزار هاووڵاتی لە پڕۆژەی ڕووناکی و کارەبای 24 کاتژمێری سوودمەند بوونە و بڕیارە تا کۆتایی ئەم مانگە، ژمارەکە بگاتە یەک ملیۆن سوودمەند لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان.لە کۆتایی ئەمساڵیش ، سەنتەری سەرجەم شارەکان دەبێتە 24 کاتژمێری و کۆتایی 2026 یش هەموو هەرێمی کوردستان سوودمەند دەبێت .
هەروەها حکومەت چەندین ئاسانکاریی وهاریکاریی تایبەت بە کارەبا بۆ هاووڵاتییان ڕادەگەیەنێت.